پەنجە ماسییەکانی ئاوی تابین لەترسی لەناوچوون دەگوازرێنەوە ئاوی شیرین

پەنجە ماسییەکانی سەرچاوەی ئاوی تابین لە دوکان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، بەرپرسانی کشتوکاڵ و سامانی ماسی ناوچەکەش بڕیاریانداوە، بەپەلە پەنجە ماسییەکان بگوازنەوە سەرچاوەی ئاوی شیرین.

دوای بڵاو کردنەوەی چەند وێنەیەکی جوڵاوی سەرچاوەی ئاوی تابین لەلایەن ڕاماڵ یاسینی چالاکوان کە، بەهۆی کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو، پەنجە ماسییەکانی سەرچاوەکە بەشێکیان لەناو چوون و مەترسی زیاتریان لەسەرە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 14ـی ئەیلوولی 2025، سیروان سەرحەد، قایمقامی قەزای دوکان و بەڕێوەبەری کشتوکاڵ و بەشی هۆبەی سامانی ماسی و ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی بە ئەزموون لەبواری بەخێوکردنی ماسی، سەردانی سەرچاوەی ئاوی تابینیان کرد بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لەبارەی لەناوچوونی ئەو ژمارە پەنجە ماسییە لە سەرچاوەکە.

قایمقامی قەزای دوکان ڕایگەیاند: دوای گەیشتنیان بۆ ناوچەکە بۆیان دەرکەوتووە، لەگەڵ لە کەمبوونەوەی ئاستی ئاو، دوو سەرچاوەی هەڵقوڵینی ئاو لە ناوچەکە هەیە بەجۆرێک سەرچاوەیەکیان ئاوی شیرینە، سەرچاوەیەکیان بەهۆی وشکەساڵی و کەمی ئاوەوە وەک گەڕاوی لێهاتووە، بۆیە ڕێژەی ئۆکسجین تیایدا کەمبووەتەوەو ماددەی کبریتی زیادبووە، هەر بۆیە مەترسی لەسەر ماسییەکان دروستکردووە.

گوتیشی:  کشتوکاڵ و هۆبەی پەنجە ماسیان ڕاسپاردووە هەنگاوی پێویست بگرنەبەر، لە یەکەم هەنگاودا پەنجە ماسییەکان بگوازنەوە بۆ سەرچاوەی ئاوی شیرین تا پارێزگاری لە مانەوەیان بکرێت، جەختیشی کردەوە چاودێری ژینگەی ناوچەکە دەکەن .

 
 
Fly Erbil Advertisment