کۆبوونەوەی چین و ئەمەریکا لەسەر پرسی بازرگانی نێوانیان دەستی پێکرد

کۆبوونەوەی شاندەکانی ئەمەریکا و چین لە ئیسپانیا لەبارەی پرسی بازرگانی نێوانیان لە نێوانیان دا پرسی کڕینەوەی تیکتۆک دەستی پێکرد.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی چینی (شینوا) بڵاوی کردووەتەوە، شاندەکانی چین و ئەمەریکا ئەمڕۆ یەکشەممە 14ـی ئەیلوولی 2025، لە مەدرید لە ئیسپانیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە ئابووری و بازرگانی نێوانیان کۆبوونەوە. هاوکات، حکوومەتی ئیسپانیا لەو بارەوە ڕایگەیاندوە کۆبوونەوەکە لە کۆشکی سانتا کروز، لە وەزارەتی دەرەوە بەڕێوە دەچێت.

هەروەها ئاژانسە چینییەکە لە زاری بەرپرسێکی وڵاتەکەی ئاماژەی داوە، شاندی چین تاوەکوو ڕۆژی چوارشەممە لە مەدرید دەمێننەوە.

پێشتر هەر دوو لا پشتڕاستیان کردەوە کە سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا و بەرپرسانی باڵای چین، لەنێویاندا هێ لیفێنگ، جێگری سەرۆک وەزیران، لە کۆبوونەوەکانیان پرسی ئابووری و بازرگانی لە نێویاندا بابەتی فرۆشتنی تیکتۆک باس دەکرێت.

ناکۆکییە بازرگانییەکانی نێوان پەکین و واشنتن لە ساڵی 2025دا هەوراز و نشێوی زۆری بە خۆییەوە بینیوە و هەر دوو لا باجی زیاتریان بەسەر یەکتردا سەپاندووە.

ڕۆژی دووشەممە 12ی ئایاری 2025، سکۆت باسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی و چین لەسەر کەمکردنەوەی باجە گومرگییەکان بۆ 90 ڕۆژ ڕێککەوتەن. بەمەش ڕێژەی باجی گومرگی چین بەسەر ئەمەریکا بووە 10% و هاوکات باجەکانی واشنتن بەسەر پەکین بووە 30%.

هەروەها پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ جاری سێیەم بڕیاری قەدەغەکردنی تیکتۆکی تاوەکوو 17ی ئەیلوول دواخست.

 
Fly Erbil Advertisment