باسم قاسم: ئەم وەرزە پلەی پێنجەم تا شەشەم بۆ هەولێر بەدەستدەهێنم
سەرهەنگ موحسین: خۆزگە ئەم یارییەمان لە نێو یاریگەی خۆمان كردبا

لە یەكەمین گەڕی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی دهۆك میوانداریی نەجەف دەكات، یارییەكەش سبەی دووشەممە لە كاتژمێر 08:30ـی شەو بەڕێوە دەچێت، باسم قاسم راهێنەری یانەی هەولێر جەخت لەوە دەكاتەوە بەڵێنی بە كارگێری یانەكەی داوە یانەكە لە پلەی پێنجەم تا شەشەم لەم وەرزە بەدەستبهێنێت.
ئەمڕۆ یەكشەممە، 14 ئەیلوولی 2025، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پێش یارییەكەیان بەرامبەر نەجەف، باسم قاسم راهێنەری یانەی هەولێر رایگەیاند یەكەمجارە لەگەڵ یانەیەك دەچمە نێو خولێك بەو هەموو كێشەیە، دەشڵێت: هەمووان دەزانن ئێمە لە کاتێکی درەنگ ئەم ئەرکەمان گرتە دەست، لە تیپەکەمان نزیکەی 17 یاریزان رۆیشتوون، لەبەر ئەوە پێویستمان بە یاریزانی نوێ لەنێوخۆ و لە دەرەوە هەبوو، ئەمەش کاتی زیاتری پێوستە بۆ ئامادەکاری، بەردەوامیش یەکەمین یاریی لە خول و پاڵەوانێتییەکانی نێوخۆیی و جیهانی قورسە، چونکە لایەنی دەروونی زۆر گرنگترە لەلایەنی جەستەیی و هونەری.
باسم قاسم ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد ئەوان هەوڵیانداوە بە كەمترین كات باشترین یاریزانەكان هەڵبژێرن، دەشڵێت: ئێمە ناڵێین یاریزانی زۆر نایابمان هێناوە، یاریزانەکان لە سەرووی ناوەندن و دەشتوانین لە داهاتوودا یاریزانی زۆر باش بگوازینەوە، جگە لەوەش پێموایە تاکە یانەین لەنێو ئەم 20 تیپەی خولی ئەستێرەکان کەمپی مەشقیمان نەکردووە، ئەگەر حیسابی یەکەکانی راهێنانیش بکەین لەوانەیە دوازدە یان چواردە یەکەی مەشقیمان کردبێت، پێموایە یەکەمجارە لە ژیانی راهێنەرایەتیم کە بچمە نێو خولێکەوە کە دۆخی تیپەکە بەمشێوەیە بێت، دەتوانم بڵێم ئامادەکاریمان لەرووی جەستەیی و هونەریەوە نەگەشتووەتە 50%.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، باسم قاسم گوتی: بەپێی ئەو ئەزموونەی کە هەمە راستە ئێمە لە خولی ئەستێرەکان یاریی دەکەین، بەڵام یاریزانە پیشەگەرەکان بەمدواییە بوونەتە کێشە بۆ راهێنەرەکان و یانەکان، لەو ئاستەدا نین کە بەرامبەر پارەیەکی زۆر دەگوازرێنەوە، ئێمە دواکەوتووین لە هێنانی یاریزانی پیشەگەر و تا ئێستا چوار پیشەگەرمان هەیە، پێنج رۆژمان لەبەردەم ماوە بۆ ئەوەی بتوانین یاریزان زیاد بکەین, دەبێت هاندەران لێمان تێبگەن هێنانی پیشەگەر دوابکەوێت باشترە لەوەی بژاردەیەکی هەڵە هەبێت و نابێت بە هەست و سۆز کار بکەین.
لە كۆتایی قسەكانیدا، راهێنەرەكەی یانەی هەولێر هێمای بۆ ئەوە كرد پێویستە هەمومان ئارام بن و متمانەیان هەبێت، لە کۆتاییدا هەموو شتێک باش دەبێت، بەڵێنی بە ئیدارەی یانەکە داوە لە كۆتایی ئەم وەرزە پلەی پێنجەم یان شەشەمی خولەکە بەدەستبهێنن.


