ناتانیاهۆ: هیچ کات هاوپەیمانیمان لەگەڵ ئەمەریکا هێندە بەهێز نەبووە

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوای سەردانی کردنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ وڵاتەکەی ڕایگەیاند، هاوپەیمانێتی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە بەهێزترین ئاستی خۆی دایە، دەشڵێت: سەردانەکەی وەزیری دەرەوە بۆ ئێرە بەڵگەی بەهێزی پەیوەندییەکەیانە.

یەکشەممە 14ـی ئەیلوولی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەبارەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: هیچ کات هاوپەیمانییەتی ئیسرائیل و ئەمەریکا هێندەی ئێستا و ئیدارەی ترەمپ و مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی بەهێز نەبووە.

ناتانیاهۆ ئاماژەشی دا، ڕوبیۆ پەیوەندییەکی نائاسایی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە. دەشڵێت: "پێم وایە سەردانەکەی بۆ لێرە بەڵگەیە لەسەر بەردەوامی و بەهێزی هاوپەیمانێتی ئیسرائیل و ئەمەریکا."

ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر ترەمپ و ڕوبیۆ هەردووکیان نیگەرانی خۆیان بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر پیشان دا.

مارکۆ ڕوبیۆ، بەر لە سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ئێمە و سەرۆکی ئەمەریکا بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر دڵخۆش نەبووین، بەڵام "ئەوەی ڕوویدا، ڕوویدا." باسی لەوەش کرد، ئەو هێرشانە بۆ سەر قەتەر، کاریگەر ناکاتە سەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل.

سێشەممە 9ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیبووی: بڕیاری هێرشکردن سەر دەوحە لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل درابوو، بڕیاری من نەبوو.

 
Fly Erbil Advertisment