بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دابەشبوونی سووریا ڕەت دەکاتەوە

یەکشەممە 14ـی ئەیلوولی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا جەختی لە پابەندبوون خۆیان بە یەکپارچەیی خاکی سووریا و گەلەکەی کردەوە؛ هاوکات هەر پرۆژەیەک کە ببێتە هۆی دابەشبوونی ئەو وڵاتە، ڕەت کردەوە.

ئاماژەشی داوە، ڕێککەوتنی 10ی ئاداری ئەمساڵ نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و کۆبوونەوەکانی دیکە بۆ دۆزینەوەی زەمینەیەکی هاوبەش و بەڕێوەچوونی گفتوگۆی بنیاتنەر دەرفەتێکی گرنگ بوون، کە کۆبوونەوەکان لە کەشێکی ئەرێنی بۆ گەیشتن بە چارەسەری هاوبەش بەڕێوەچوون، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەهاوێژراوە، بۆ ئەمەش حکوومەتی دیمەشق بەرپرسیارە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەو قوربانییانەی بۆ ڕزگارکردنی ئەم ناوچانە لە ڕژێمی پێشوو و دواتریش ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لەپێناو بەرگریکردن لە هەموو سوورییەکان و بەڕێوەبردنی کاروباری ملیۆنان کەس و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەبێ جیاوازی، ئەوەی سەلماندووە کە بۆ یەکپارچەیی وڵات و پاراستنی سەقامگیرییەکەی بە پەرۆشە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، باس کردن لە حوکمڕانی لامەرکەزی و جیابوونەوە، دوورە لە ڕاستییەوە، ئەو لێدوانانەش دەبێتە هۆی دابەشبوونی سوورییەکان، لەبری یەکگرتنەوەیان. هەروەها، جیاکردنەوەی ڕێژەی دانیشتووان و پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە یەکتری، ڕێبازێکی هەڵەیە کە هەڕەشە لە بنەماکانی پێکەوەژیان دەکات و متمانە لە نێوان سوورییەکان لەنێودەبات.

دووپاتیشیان کردووەتەوە، هەموو لیژنە پسپۆڕەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە وانەی کە تایبەتن بە دۆسیەکانی دەستووری، کارگێڕی، ئەمنی و خزمەتگوزاری، بۆ دەستپێکردنی کارەکانیان، لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق ئامادە کراون.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بۆ هەر لێکنزیکبوونەوەیەک بۆ چارەسەری سووریا ئاماژەی بە بڕیاری 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان داوە کە چوارچێوەی نێودەوڵەتیی لەسەر پرۆسەیەکی سیاسیی لە سووریا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە. داواش دەکەن کۆنگرەیەکی نیشتمانی گشتگیر کە هەموو هێز و پێکهاتە سوورییەکان لە خۆ بگرێت و ببێتە مینبەرێکی کۆکەرەوە بۆ دەستپێکردنی ڕێڕەوێکی جددی بەرەو سووریایەکی دیموکراتی لامەرکەزی دابمەزرێت.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر باوەڕمان وایە کە دیالۆگی گشتگیر و بەرپرسیارانە تاکە ڕێگایە بۆ مسۆگەرکردنی یەکپارچەیی و پاراستنی داهاتووی سووریا، هەروەها بەشداریکردنی هەموو پێکهاتە سوورییەکان لە داڕشتنی چارەسەر، تاکە گەرەنتی ڕاستەقینەیە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراتی.

ڕۆژی هه‌ینی، 12ـی ئه‌یلوولی 2025، ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی سووریا ڕایگه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ر باكووری سووریا داوای دابه‌شبوون بكات، زیان به‌ توركیا و عێراق ده‌گه‌یه‌نێت. گوتیشی، ڕێككه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) په‌كخراوه‌. هه‌روه‌ها هه‌سه‌ده‌ نوێنه‌رایه‌تیی ته‌واوی كوردی سووریا ناكات.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment