ڕۆژنامەنووسێکی تورکیا: ئۆجەلان پارتێکی نوێ دادەمەزرێنێت

ڕۆژنامەنووسێکی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، پارتێکی نوێ لە تورکیا دادەمەزرێت و دامەزرێنەری پارتەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستانە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ی ئەیلوولی 2025، ڕۆژنامەنووسێکی تورکیا بەناوی سەدات بۆزکورت، بڵاویکردووەتەوە،عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) خۆی ئامادە دەکات بۆ دامەزراندنی پارتێکی نوێی سیاسی وشەی تورکیا لەنێوی دا هەیە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوە کردووە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، خۆی بەرنامەی حزبەکە دەنووسێت و پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالی و پەرلەمانتاری هەدەپە دەکاتە سەرۆکی ئەو پارتە و هەروەها ئەگەری داخستنی دەم پارتی هەیە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە جەختی لەوە کردووەتەوە، هەدەپە داناخرێت، ئەگەر داخستنی دەم پارتی هەیە، هەروەها پێشبینی ئازادبوونی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەکرێت، بەمەش چالاکی سیاسی لە باکووری کوردستان دەچێتە نێو قۆناغێکی نوێوە.

تاوەکوو ئێستا هیچ کەسێکی نزیک لە ئۆجەلان یاخود بەرپرسانی دەم پارتی زانیاری یان ڕوونکردنەوەیان لەسەر ئەم بابەتە نەبووە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە 4ی نیسانی 1948 لە ڕووهای باکووری کوردستان لەدایکبووە، لە ساڵی 1978 پارتی کرێکارانی کوردستانی دامەزراند، لە 15ی شوباتی 1999 لە کینیا دەستگیرکرا و تاوەکوو ئێستا لە بەندیخانەی ئیمرالی دەستگیراوە.

لەسەر داواکاری و ڕاسپاردەی ئۆجەلان، ڕۆژی دووشەممە 12ی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئەنجامی 12ەمین کۆنگرەی خۆی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: لەژێر ڕۆشنایی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پەکەکە بڕیاری هەڵوەشانەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی دا، هەروەها بڕیاری کۆتایهێنان بە خەباتی چەکداری و هەموو ئەو چالاکییانەی دا کە بەناوی ڕێکخراوەکەوە دەکرێن.

 
Fly Erbil Advertisment