دانا عەبدولکەریم: زۆرترین پرۆژەی ڕێگا و بان لە گەرمیان جێبەجێ دەکرێن

سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان باس لەوە دەکات، لە ماوەی دوو ساڵدا زۆرترین پرۆژەی ڕێگا و بان لە سنوورەکەیان جێبەجێکراون و هەروەها پشکی شێر بەر گوندەکان کەوتوون.
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ی ئەیلوولی 2025، بە هەرێم جاف پەیامنێری کوردستان24ی ڕاگەیاند: 27 پرۆژەی ڕێگاوبان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان جێبەجێ دەکرێن، پێکهاتوون لە شەش پرد و لەگەڵ قیرتاوکردنی ژمارەیەک ڕێگا، پرۆژەی سەرەکی کە پێکهاتووە لە شەقامی نێوان کەلار- دەربەندیخان %100 تەواو بووە، ئەمەش خزمەتێکی بەرچاوی هاووڵاتییانی سنووری گەرمیان دەکات، کۆی گشتیی گوژمەی پرۆژەکان 454 ملیار دینارە.
لەلای خۆیەوە جەلال شێخ نووری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: ئەم دوو ساڵە بۆ ڕێگاوبانی ئیدارەی گەرمیان زێڕینن، چونکە زۆرترین پرۆژەی ڕێگاوبان لەو سنوورە چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەو پرۆژانە پشکی شێر بەر گوندەکان کەوتووە، هەروەها زۆرترین ڕێگای گوندەکان خراوەتە نێو ماستەر پلانی کارکردنەوە و بەشێکی زۆرییان کارکردن تێیدا کۆتایی هاتووە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بە تەواوبوونی ئەم ڕێگەیە ئیدارەی گەرمیان دەبەستێتەوە بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق و سەرەڕای ئەوەی بووەتە هۆی بووژانەوەی گوندەکان.