هاوپەیمانیی مەسیحی: پاراستنی کیانی دەستووریی هەرێم بەرپرسیارییەتییەکی هاوبەشی هەموو پێکهاتەکانە
هاوپەیمانیی مەسیحی پشتگیریی خۆی بۆ پەیامەکەی سەرۆک بارزانی و هەڵوێستی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و زمانی هەڕەشەی سەربازی و رێکارە یەکلایەنەکانی رەتکردەوە؛ هاوکات داوای یەکڕیزیی ناوخۆیی و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدای لە رێگەی گفتوگۆ و دەستوورەوە کرد.
سێشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2026، لە راگەیەندراوێکدا، هاوپەیمانیی مەسیحی بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی ئەم دواییە و ئەو گوتارە دەکات کە سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان دەردەچێت. جەخت دەکاتەوە کە پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و مافەکانی هاووڵاتییان و رێزگرتن لە دەستوور، پێویستی بەوە هەیە هەموو لایەک بە دانایی و بەرپرسیارییەتییەوە هەڵسوکەوت بکەن و خۆیان لە زمانی هەڕەشە و رێکارە یەکلایەنەکان بەدوور بگرن؛ ئەوانەی ناکۆکییەکان ئاڵۆزتر دەکەن و نیگەرانی لەسەر ئاسایش و داهاتووی هاووڵاتییان دروست دەکەن.
هاوپەیمانی پشتگیریی خۆی بۆ ئەو هەڵوێستە دووپات دەکاتەوە کە سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا دەریبڕیوە، هەروەها بۆ هەڵوێستی سەرۆکایەتیی هەرێم، حکوومەتی هەرێم، پەرلەمانەکەی و حزبە سیاسییە رەسەنەکانی، لە پابەندبوون بە دەستوور و گفتوگۆ و رەتکردنەوەی دەستدرێژیکردن بۆ سەر کیان و مافە دەستوورییەکانی هەرێم. هاوپەیمانی لەو نزیکبوونەوەی هەڵوێستانەدا بەرپرسیارییەتییەکی نیشتمانی دەبینێت کە پێویستە ببێتە بنەمایەک بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتە و هێزە سیاسییەکانییەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەرێمی کوردستان بەرهەمی خەباتێکی درێژخایەن و قوربانییەکی زۆرە، و پاراستنی کیانی دەستووری و دامەزراوە و مافەکانی، بەرپرسیارییەتییەکی هاوبەشی هەموو رۆڵەکانییە کە لە سەرووی سەر بە هەر حزب و نەتەوە و ئایینێک بوونەوەیە. لەم ڕوانگەیەوە، هاوپەیمانیی مەسیحی بانگەواز بۆ یەکخستنی هەوڵ و هەڵوێستەکان، پێشخستنی بەرژەوەندیی گشتی و چەسپاندنی هاوبەشی لەنێوان پێکهاتەکانی هەرێم دەکات، لە رێگەی یەکگرتوویی و هاوپشتی بۆ بەرگریکردن لە دەستکەوتە نیشتمانی و دیموکراتی و دەستوورییەکان.
هاوپەیمانی جەخت لە رەتکردنەوەی شێوازی دەربڕینی هەرێمی کوردستان بە زمانێکی سەربازی، یان هەڕەشەکردن بە بەکارهێنانی هێز بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسی و کارگێڕی و ئابوورییەکان دەکاتەوە. ئەم زمانە کاریگەرییەکی ئازاربەخشی لەسەر رۆڵەکانی گەلەکەمان هەیە، بە تایبەتی ئەو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییانەی کە ئازاری شەڕ و چەوساندنەوە و راگوێزران و لەدەستدانی ئاسایشیان چەشتووە. ئەم گوتارە لاپەڕە ئازاربەخشەکانی مێژووی وڵاتەکەیان بۆ عێراقییەکان دەهێنێتەوە یاد و ترس و نیگەرانیی خێزانەکان سەبارەت بە ژیان و ماڵ و داهاتووی منداڵەکانیان دەورووژێنێتەوە. بەرپرسیارییەتیی دامەزراوەکانی دەوڵەت و گوتاری فەرمییان، دڵنیایی بەخشین بە هاووڵاتییان و پاراستنی کەرامەتیان و بەهێزکردنی متمانەیان بەو دامەزراوانەیە.
ئاماژەشی داوە، ئێمە، وەک هاوپەیمانییەک کە زۆرترین ژمارەی هێز و حیزب و رێکخراوە مەسیحییە کلدانی و ئاشووری و سریانی و ئەرمەنییەکان لەخۆ دەگرێت، جەخت دەکەینەوە رۆڵە مەسیحییەکانی گەلەکەمان هاوبەشی رەسەنن لە کوردستان و عێراق، و ئاسایش و مافەکانیان و داهاتووی مانەوەیان لە نیشتمانی خۆیاندا، بە سەروەریی یاسا و جێگیریی دامەزراوەکان و پاراستنی فرەییەوە بەستراوەتەوە. ئەرکی هەموو لایەکە رەچاوی کاریگەریی گرژکردنی دۆخەکە لەسەر ئەم پێکهاتانە بکەن کە هێشتا ئاسەواری ئەزموونە تاڵەکانیان لەسەر ماوە و پێویستیان بە دەستەبەریی کرداری هەیە بۆ بەهێزکردنی دڵنیایی و جێگیری و مانەوەیان.
هاوپەیمانی هەروەها پشتگیریی خۆی بۆ پاراستنی سامانە نیشتمانییەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و قاچاخچیتی و جێبەجێکردنی یاسا بە شەفافیەت و لێپرسینەوە دووپات دەکاتەوە، لە رێگەی رێکارە یاساییەکان و هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان دامەزراوە فیدراڵییەکان و دامەزراوەکانی هەرێم، لەگەڵ رێزگرتن لە دەسەڵاتە دەستوورییەکانیان. بانگەوازیش بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان لە رێگەی گفتوگۆی جددی و لیژنە پەیوەندیدارەکان و میکانیزمە دەستوورییەکان دەکات، بەدوور لە تۆمەتبارکردن و گرژکردنی دۆخەکە و سەپاندنی دۆخی واقیع.
هاوپەیمانیی مەسیحی داوا لە حکوومەتی فیدراڵی و هەموو هێزە سیاسییەکان دەکات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە کار بکەن، لە هەر هەنگاوێکی یەکلایەنە کە گرژی زیاتر بکات خۆ بپارێزن و گفتوگۆ بەردەوام بکەن بۆ گەیشتن بە چارەسەری دادپەروەرانە و بەردەوام کە مافەکان بپارێزن و خزمەتی هاووڵاتییان بکەن. رێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و مافەکانی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکانی، جێگیریی عێراق و سیستەمە دیموکراتی و فیدراڵییەکەی بەهێز دەکات. پاراستنی هاوبەشیی نیشتمانییش پێویستی بەوە هەیە هەر هاووڵاتییەک و هەر پێکهاتەیەک هەست بکات کە دەستوور دەپارێزێت و دامەزراوەکانی دەوڵەت سەرچاوەی ئاسایش و دادپەروەری و دڵنیایین بۆ هەمووان.