پرۆژەی چاککردن و قیرتاوکردنی ڕێگای زینانە وارانیە لە گەرمیان جێبەجێ دەکرێت
لە درێژەی کار و پرۆژە خزمەتگوزارییەکانیدا، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پرۆژەی گرنگی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان جێبەجێ دەکرێن، کە ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی ناوچەکە و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییانی کردووە.
یەکێک لەو پرۆژە گرنگانە، نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی ڕێگای سەرەکی نێوان زینانە و وارانییە لە ناوچەی داودە. ئەم ڕێگایە پێشتر بەهۆی خراپی و بوونی چاڵ و کۆسپی زۆرەوە، هاتووچۆی سەخت کردبوو، بەڵام ئێستا بە شێوەیەکی بنەڕەتی نۆژەن دەکرێتەوە.
عادل ئەحمەد، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەکە بە کوردستان24ی گوت: ڕێگا کۆنەکە بە تەواوی هەڵوەشێنراوەتەوە و دوای دانانی ژێرخانێکی پتەو، قیرتاو دەکرێتەوە؛ هاوکات، هاووڵاتییان و شۆفێرانی ناوچەکە خۆشحاڵی خۆیان بەم پرۆژەیە دەردەبڕن، چونکە نۆژەنکردنەوەی ئەم ڕێگایە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیانی ڕۆژانە و کار و کاسبییان دەبێت.
ئەم پرۆژەیە تەنیا بەشێکە لە کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتکردنی سنووری گەرمیان، لەم چوارچێوەیەشدا چەندین پرۆژەی دیکە جێبەجێ بکات ، لە وانە، دروستکردنی بینای شارەوانیی نەوجول و لێدانی بیری ئاو و دروستکردنی پۆند و بەنداو.
ئەم پڕۆژانە بە گوژمەی نزیکەی 3 ملیار دینار ئەنجام دەدرێن، هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان تۆڕی کارەبای نیشتمانی بۆ زیاتر لە 40 گوندی سنوورەکە ڕاکێشاوە ئەمەش دەبنە هۆی بوژانەوەی زیاتری ناوچەکە و هاندانی خەڵک بۆ گەڕانەوە بۆ سەر زێدی خۆیان، بەتایبەت کە ئەم سنوورە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا قوربانییەکی زۆری داوە و ئێستا بەرەو ئاوەدانیی زیاتر هەنگاو دەنێت.