سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل: داگیرکردنی غەززە 6 مانگی دەوێت

ئیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی ئاگادارکردووەتەوە کە ئۆپەراسیۆنی دەستبەسەرداگرتنی شاری غەززە پێویستی بە شەش مانگ دەبێت و تەنانەت دوای داگیرکردنیش، حەماس لەڕووی سەربازی و سیاسییەوە بە تەواوی لەناونابرێت. 

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی 12، سوپای ئیسرائیل بە ڕێنمایی ناتانیاهۆ، بەردەوامە لە ڕووخاندنی تەواوی گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون، سەرەڕای ئەو هۆشدارییانەی کە دەڵێن ئەمە دەتوانێت ژیانی زیندانییەکان بخاتە مەترسییەوە. زەمیر ڕوونیشیکردووەتەوە، ئەو ئۆپەراسیۆنە زەمینییەی سوپا ئامادەکاری بۆ دەکات "چارەسەرێکی تەواو بەدەست ناهێنێت". ئامانجی ئەم هەڵوێستە "یەکخستنی چاوەڕوانییەکانە لەگەڵ حکوومەت سەبارەت بە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە زەمینییە پێشبینیکراوەکە".

سەرۆکی ئەرکانی سوپا لە دانیشتنێکی داخراودا ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەدەستهێنانی بڕیارێکی کۆتایی پێویستی بە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکان هەیە بۆ ناوچەکانی دیکەی کەرتی ناوچەکە، لەنێویاندا کەمپەکانی ناوەندیی، ئەمەش دەتوانێت ببێتە تەحەدای مەدەنی بۆ ئیسرائیل کە سوپا ئامادە نییە بەرگەی بگرێت".

بەپێی خەمڵاندنەکانی دامەزراوە ئەمنییەکان، کۆنترۆڵکردنی غەززە دەتوانێت لە نێوان چەند مانگ و نیو ساڵێک بخایەنێت، پێش ئەوەی قۆناغێکی فراوانتری "پاککردنەوە"ی ناوچەکە دەستپێبکات.

کەناڵی 12 بڵاویکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ لە کۆبوونەوەیەکی ئەمنیدا دوێنێ یەکشەممە، جەختی لەسەر پێویستی "دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە لە چوارچێوەی کاتی ڕێککەوتنکراودا" کردووەتەوە، لە کاتێکدا ترسێکی زۆر هەیە لەوەی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی ڕەنگە ژیانی زیندانیانی حەماس بخاتە مەترسییەوە. کەناڵەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ناتانیاهۆ لەگەڵ وەزیران و سەرۆکە ئەمنییەکان "سیناریۆی ئەگەری"یان تاوتوێ کردووە لە ئەگەری ئەوەی گوایە حەماس لە کاتی شەڕەکەدا زیان بە زیندانییەکان بگەیەنێت یان لەسێدارەیان بدات. سروشتی ئەو هەنگاوانەی کە لەبەرچاو دەگیرێن ئاشکرا نەکراون.

لە 8ی ئابدا حکوومەتی ئیسرائیل پلانێکی پەسەندکرد تێیدا ناتانیاهۆ پێشنیازی کردبوو بۆ داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە، لە شاری غەززەوە دەستپێدەکات. دواتر، لە 3ـی ئەیلوولدا، سوپای ئیسرائیل بە فەرمی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بە ناوی "جیدۆن 2" دەستپێکرد بۆ داگیرکردنی تەواوەتی شاری غەززە. ئەمەش بووە هۆی ڕەخنە و ناڕەزایەتی لە ئیسرائیل، بەهۆی ترس لە گیانی دیل و سەربازانی کەرتی غەززە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment