ترەمپ: قەتەر هاوپەیمانێکی گەورەی ئەمەریکایە

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، قەتەر هاوپەیمانێکی گەورەی ئەمەریکایە و ئیسرائیل دەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ حەماسدا وریا بێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، قەتەر "هاوپەیمانێکی گەورەی ئەمەریکایە".
ترەمپ ئاماژەی بەوەدا، مامەڵەکردن لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس "پەیوەستە بە ئیسرائیلەوە، بەڵام دەبێت وریا بن".
سەرەتای هەفتەی ڕابردوو، ترەمپ ناڕەزایەتی خۆی دەربڕیبوو سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر لە ڕۆژی سێشەممەدا، کە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسی کردە ئامانج.
لە پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆیدا، ترەمپ ڕایگەیاندبوو، "هێرشکردنە سەر قەتەر بڕیارێکە کە ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داویەتی و من هیچ پەیوەندییەکم بەوەوە نەبووە."
هەروەها گوتی، "هێرشەکەی سەر دەوحە بە بۆچوونی من دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ ئاشتی."
لە کۆتاییدا، ترەمپ جەختی کردەوە کە قەتەرییەکان دڵنیا دەکاتەوە "هەرگیز شتێکی لەم شێوەیە لەسەر خاکەکەیان دووبارە نابێتەوە."
ڕۆژی سێشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2025، ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا هەوڵی تیرۆرکردنی سەرکردە سیاسییەکانی بزووتنەوەی حەماسی لە قەتەر دا، تێیدا چەند سەرکردەیەکی کردە ئامانج و بەمەش بازنەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر کرد. واشنتن ئەم هێرشەی بە تاکلایەنە وەسف کرد و ڕایگەیاند، خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا یان ئیسرائیل ناکات.