لە گەڕەکێکی سلێمانی نەوت تێکەڵ بە ئاوی ماڵان بووە
لە گەڕەکی خاکی ڕاپەڕین لە سلێمانی ماوەی 25 ڕۆژە نەوت تێکەڵ بە ئاوی ماڵان بووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دانیشتوانی ئەو گەڕەکە ناتوانن ئاوەکە بخۆنەوە و یان بەکاری بهێنن، بەمەش دانیشتوانی گەڕەکەکە ناچارن ئاو بکڕن.
حوسێن محەممەد، دانیشتووێکی گەڕەکی خاک لە ڕاپەڕین، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سێیەم جارە ئاومان بۆ دێتەوە و هەر نەوتی تێدایە و دانیشتوانی تووشی گیان خووران و هەستیاری کردووە، گوتیشی: ژمارەیەکیش تووشی سکچوو و ڕشانەوە بوونە، بۆیە داوا دەکەین وەزارەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی چارەسەرێک بۆ کێشەکەمان بدۆزنەوە.
حوسێن ئاماژەی بەوەش کرد، خەڵک ناچاربووە بە تەنکەر و کارتۆن ئاو بکڕن، دەشڵێت: یەکێکمان ئاوەکەی بۆ دەستنوێژ بەکار هێناوە ئەویش دەستی سووتاندووەتەوە، داواشمان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی کردووە بەنیازن لیژنەیەک بنێرن بۆئەوەی پشکنین بۆ ئاوەکە بکەن.