ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لەبارەی ڕێککەوتنی نوێی ئەتۆمی ڕوونکردنەوە دەدات

ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران: هەر هەنگاوێکی دوژمنکارانە دژی کۆماری ئیسلامیی بنرێت، جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە ڕادەگرین

سکرتاریەتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، دەربارەی ڕێککەوتنەی نێوان وەزیری دەرەوەی ئێران و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لەبارەی چۆنیەتیی مامەڵەکردنی نێوان ئێران و ئاژانس، ڕوونکردنەوەیەکی چوار خاڵی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی داوە، هەر کاتێک هێرشی سەر ئێران بکرێت یان سزاکان کارا بکرێنەوە، ئەو کاتە ڕێککەوتنەکە هەڵدەپەسێرن.

ئەنجوومەنەکە دووشەممە 15ـی ئەیلوول 2025، هەژموونی خۆی بەسەر ڕێککەوتنی واژۆکراوی نێوان وەزیری دەرەوە و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕوونکردووەتەوە، کە بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندی ئەنجوومەنەکە هیچ هەنگاوێک نانرێت، هاوکات دەربارەی چۆنیەتیی مامەڵەکردنی نێوان ئێران و ئاژانس لە بارودۆخی نوێدا (دوای هێرشی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان)، لەم چوار خاڵەدا هەڵوێستی خۆی ڕوون کردووەتەوە:

1- دەقی ئەم ڕێککەوتنە لە لیژنەی ئەتۆمیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی تاوتوێ و واژۆ کراوە، بە گشتی هەر ئەوەیە کە لەلایەن ئەم لیژنەیەوە پەسند کراوە.

2- لیژنەی ئەتۆمی کە لە بەرپرسانی باڵای دامەزراوە پەیوەندیدارە جیاوازەکان پێک دێت، لە هەموو خولەکاندا لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییەوە دەسەڵاتی بڕیاردانی پێدراوە و لەم کاتەشدا بەگوێرەی ڕێکارە ئاساییەکان کاری کردووە.

3- سەبارەت بەو دامەزراوە ئەتۆمییانەی ئێران کە لەژێر چاودێریی ئاژانسدان و لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە هێرشیان کراوەتە سەر:

- دوای دابینکردنی هەلومەرجی پێویستی ئەمنی و سەلامەتی، ئێران تەنیا دوای وەرگرتنی ڕای ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش بە ئاژانس دەکات.

- لە قۆناغی دواتردا، دەبێت ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی هاریکاریی نێوان ئێران و ئاژانس سەبارەت بەو ڕاپۆرتەی کە بۆ ئاژانس نێردراوە، لەنێوان هەردوولادا ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت و لەوانەش بەپێی ڕێکارە ناوخۆییەکان، جێبەجێکردنی هەر هەنگاوێک دەبێت لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییەوە پەسند بکرێت.

4- لە ئەگەری گرتنەبەری هەر هەنگاوێکی دوژمنکارانە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی، لەوانەش گەڕاندنەوەی بڕیارنامە هەڵوەشاوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە ڕادەگیرێت.

سێشەممە 9ـی ئەیلوولی 2025، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە قاهیرە لێکگەیشتنی کۆتاییان بۆ میکانیزمی نوێی پێکەوە کارکردن واژۆ کرد.

 
Fly Erbil Advertisment