چاوەڕێ دەکرێت ئەم هەفتەیە پرسی مووچە چارەسەر بکرێت

دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا گوتی: ڕەنگە 48 کاتژمێری داهاتوو یەکلایی کەرەوە بێت بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، چونکە جگە لەوەی سبەی دیاریی کراوە بۆ یەکلایی کردنەوەی پرسی داهاتی نانەوتی، شەوی ڕابردووش کۆبوونەوەی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و وەزیرە کوردەکانی بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرێوەچوو.

ئاماژەی بەوەش کرد، کۆبوونەوەکەی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیرە کوردەکانی حکوومەتی بەغدا بە ئۆنڵاین بووە و بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی عێراقیش بەشدار بووە، باس لەوە کراوە ئەو کۆمپانیا ناوخۆییانەی نەوت بەرهەم دێنن، نەوتەکە ڕادەستی سۆمۆ بکەن، چونکە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕال نییە، باسیان لەوەش کردووە، خاڵی ناکۆک لە رێککەوتنی نێوان کۆمپانیاکانی ئەپیکۆر و بەغدا هەیە، ڕەنگە بەم زووانە نەگەنە چارەسەر.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، دوای بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیا ناوخۆییەکان، 50 هەزار بەرمیل بۆ بەکارهێنانەوەی ناوخۆ گل بدرێتەوە، ئەوەی دیکە ڕادەستی سۆمۆ بکرێت، تا ئەو کاتەی سۆمۆ و ئەپیکۆر لەسەر میکانیزمێک ڕێککدەکەون بۆ هەناردەەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

ئێستا گفتوگۆکان لەبەغدا بە دوو ئاراستە دەستی پێ کردووە، بۆ ئەوەی داواکارییەکانی ئەنجوومەنی وەزیران جێبەجێ بکرێت، هەروەها سبەی سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە بڕیارە پرسی داهاتی نانەوتی یەکلایی بکاتەوە.

سبەی سێشەممە، کاتژمێر 9:00ـی بەیانی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، هەروەها بانگهێشتی دوو ڕاوێژکاریی وەزارەتی و دارایی و وەزارەتی دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، بۆ ئەوەی ئامادەی کۆبوونەوەکە بن.

   

 

 
 
Fly Erbil Advertisment