کۆریای باکوور داوایەکی واشنتن ڕەت دەکاتەوە

میدیا فەرمییەکان بڵاویان کردەوە، کۆریای باکوور، داوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای بۆ داماڵینی چەکی ناوەکی ڕەت کردەوەتەوە و دووپاتیشی کردووەتەوە، هەمیشە وەک وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمیی دەمێنێتەوە، پاشەکشە لەو بڕیارانە ناکات کە داویەتی.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی کۆریا بڵاوی کردەوە، دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025، نێردەی کۆریای باکوور لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، لەمیانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاری لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەڵەیەکی سیاسی گەورە و مەترسیداری کردووە، بەوەی داوایکردووە کۆریای باکوور چەکی ناوەکی خۆی لەناوببات، گوتی:" ئەو داوایە زۆر نایاساییە.
لە بەیاننامەکەدا دووپاتی کردووەتەوە کە، پێگەی کۆریای باکوور وەک دەوڵەتێکی ئەتۆمی "بۆ هەمیشە لە یاسای باڵا و بنەڕەتی وڵاتەکەدا چەسپاوە و گەڕانەوەی نییە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، پیۆنگ یانگ زیاتر لە 30 ساڵە هیچ "پەیوەندییەکی فەرمی" لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدا نەبووە.
بەیاننامەکە ڕایگەیاندووە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەسەڵاتێکی یاسایی نییە، هیچ بیانوێکی ئەدکاریشی نییە لە خۆخستنە ناو کاروباری ناوخۆی وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی کە لەدەرەوەی بەڵێننامەی (ڕێگریی کردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی)ـیە.
ساڵی 1994، پاش ئەوەی بەهۆی پشکنینی پرۆژە ئەتۆمییەکان بووە ناکۆکی لەگەڵی، کۆریای باکوور لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی کشایەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاشی تۆمەتبار کرد بەوەی، ئاژانسەکە بۆ شکاندنی شکۆی کۆریای باکوور بەکاردێنێت.
هەر لە بەیاننامەکەدا، پیونگ یانگ ڕایگەیاند: هەموو ئەو هەوڵانە ڕەت دەکاتەوە کە دەدرێت بۆ شێواندنی دۆخی کۆریای باکوور، لەمیانی سەردانیکردنی کیم جۆنگ ئۆن بۆ پرۆژەکانی ئەتۆمی ڕایگەیاند: پیونگ یانگ هەنگاو بۆ سیاسەتی پێشوەچوون دەنێت لەبواری بونیاتنانی هێزێکی ئەتۆمی و هێزێکی نموونەیی لە یەک کاتتدا دەدات.
دوای شکستی لوتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2019ـەوە، کۆریای باکوور بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە کە دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی نابێت.