مارکۆ ڕۆبیۆ: حەماس دەیەوێت ئیسرائیل لەناو ببات

مارکۆ ڕۆبیۆ
مارکۆ ڕۆبیۆ

مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت: هانی قەتەر دەدەین بەردەوام بێت لە نێوەندگیری بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی سەر غەززە.

دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە قودس(ئۆرشەلیم)، لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: تاکوو حەماس مابێت، سەقامگیری نایەتەدی، داوای لە قەتەریش کرد، بەردەوام بێت لە نێوەندگیری.

ڕۆبیۆ گوتی: پێویستە کۆتایی بە حەماس بێت و بارمتەکانی غەززە بەزووترین کات بگەڕێندرێنەوە، دەڵێت: داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین، بوێرییەکی زیاتر بە بزووتنەوەی حەماس دەبەخشێت، گوتی: ئامانجی حەماس لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسرائیلە، سوپاسی ئیسرائیلیشی کرد لەو پەیوەندییەی کە هەیەتی لەگەڵ ئەمەریکا، جەختی لەوە کردەوە، بارمتە و مردووەکانی ئیسرائیلیش  لە غەززە، پێویستە بەزووترین کات بگەڕێندرێنەوە.

ڕۆبیۆ گوتی: دوای کۆتاییهێنان بە حەماس، گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکەین دۆخێکی باشتر لە غەززە دروست بکەین، گوتیشی: پێویستە حەماس چەک دابنێت، ئەگەر لە حەوتی ئۆکتۆبەر ئەو هێرشە دڕندانەی نەکردبایەتە سەر ئیسرائیلییەکان، تووشی ڕۆژێکی وا نەدەبووین.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەر لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسیەدا ئاماژەی بەوەکرد، پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لە کەنداو هەیە.

لەبارەی ئێرانیشەوە گوتی: چەکی ئەتۆمی ئێران هەڕەشەیە لەسەر ئەمەریکا و ئیسرائیل، ڕاشیگەیاند: دۆناڵد ترەمپ، فشارەکانی بۆ سەر ئێران زیاتر دەکات.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment