مەسرور بارزانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چاکسازییەکانی پێشمەرگە دەکات

لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چاکسازییەکانی پێشمەرگە، بڕیار درا هەموو پێکهاتەکانی پێشمەرگە، تەنیا یەک یەکەی ژمێریاری هەبێت لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت لە ڕووی ژمێریاریی و داراییەوە. پێویستە حکومەتی فیدراڵ ، مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق یەک بخات، چونکە بە پێی دەستوور، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عێراق.
ئەمڕۆ دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوونی ڕێکار و هەنگاوەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لەو پێشکەوتنانە کرد کە تا ئێستا لە پرۆسەی چاکسازییەکانی پێشمەرگە کراون؛ جەختیشی لە پێویستیی تەواوکردن و سەرخستنی پرۆسەکە کردەوە. هاوکات لەمبارەیەوە ژمارەیەک بڕیاری گرنگ بۆ خێراترکردنی چاکسازییەکان دران لەوانە: یەکخستنی یەکە ژمێریارییەکان کە پێویستە هەموو پێکهاتەکانی پێشمەرگە، تەنیا یەک یەکەی ژمێریاری هەبێت لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت لە ڕووی ژمێریاریی و داراییەوە، بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییە داراییەکان. هەروەها بڕیاری ڕێکخستنەوەی پێکهاتە و بەیکەربەندیی دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە درا بە جۆرێک کە لەگەڵ چاکسازییەکانی حکوومەت بگونجێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە ئاسانکاریی لە ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە کە پێویستە بەرژەوەندی پێشمەرگە لەبەرچاو بگیرێت ، لەمبارەیەوە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد پەلە بکەن لە ڕاییکردنی مامەڵەکان و جەختی کردەوە کە نابێت کێشە یاسایی و تەکنیکیەکان ببنە ڕێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچە و شایستەکانیان.
هاوکات لە کۆبوونەوەکە داواش لە حکوومەتی فیدراڵ کرا ، مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق یەک بخات، چونکە بە پێی دەستوور، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عێراق و پێویستە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانیان لەم چوارچێوەیەدا بێت.