سوودانی: ئیسرائیل بە ئاشکرا باس لە گۆڕینی سنوورە نێودەوڵەتییەکان به زه‌بری هێز دەکات

سەرۆک وەزیرانی عێراق ده‌ڵێت، بەردەوامی سیاسەتەکانی ئیسرائیل بەبێ هیچ ڕێگرییەک، دەبێتە هۆی نائارامی و ناسه‌قامگیریی زیاتر؛ هه‌روه‌ها ده‌شڵێت، دەستدرێژی کردنە سەر قەتەر له لایه‌ن ئیسرائیله‌وه، پەرەسەندنێکی مەترسیدار و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
دووشه‌ممه، 15ـی ئه‌یلوولی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق له گوتارێكدا له میانی به‌شداریكردنی له لووتکەی نائاسایی عەرەبی-ئیسلامی‌دا کە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوە چوو، جارێکی دیکە سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی ئیسرائیلی بۆ سه‌ر قه‌ته‌ر كرده‌وه و ڕایگه‌یاند، ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەکەنە ئامانج.
محەممەد شیاع سوودانی هەروەها پشتیوانی تەواوی بۆ قەتەر، فەڵەستین، لوبنان، سووریا، یەمەن و ئێران دەربڕی و دووپاتی كرده‌وه، هه‌ر هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سه‌ر هه‌ر وڵاتێك، دەرفەتەکانی چارەسەری ئاشتییانە لەناو دەبات.
سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی هاوكات به پێویستی زانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی زلهێز، بەرپرسیاریه‌تی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و ڕێگه به ئیسرائیل نه‌ده‌ن به ئه‌نقه‌ست زیان به سیستەمی نێودەوڵەتی بگەیەنێت.
محەممەد شیاع سوودانی جەختیشی کردەوە، ئاسایش و سەقامگیریی هەر وڵاتێکی عەرەبی یان ئیسلامی، بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشیی بەکۆمەڵ و هه‌رگیز سازشی له‌سه‌ر ناكرێت.
سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای هەڵوێستێکی یەکگرتووی عەرەبی-ئیسلامی کرد بۆ سه‌ركۆنه‌كردنی هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە و له‌م باره‌وه هەنگاوی نێودەوڵەتیی بگیرێتەبەر.
سەرۆک وەزیرانی عێراق هەروەها داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی ئیسلامیی فراوانی کرد کە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لەخۆ بگرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییه ئەمنی و ئابوورییانەی گه‌لانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه.
سوودانی له به‌شێكی دیكه‌ی گوتاره‌كه‌یدا گوتیشی، ئیسرائیل بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و په‌یماننامه‌ی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل دەكات و بە ئەنقەست ململانێ لە ناوچەکەدا فراوان دەكات. به پێویستیشی زانی ڕێگه له ئیسرائیل بگیرێت كه بە ئاشکرا باس لە گۆڕینی سنوورە نێودەوڵەتییەکان بە زه‌بری هێز دەکات.