زەمالەی خوێندن لە وڵاتی سعوودیە ڕاگەیەنرا

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خوازیارانی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا ئاگادار دەکاتەوە وڵاتی سعوودیە زەمالەی خوێندنی ڕاگەیاندووە، دواکات بۆ پێشکەشکردن 31ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی ئەیلوولی 2025، مامۆستایان و فەرمانبەران و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە حکوومەتی شانشینی عەرەبی سعوودی زەمالەی خوێندنی بۆ هەردوو بەرنامەی (ماستەر و دکتۆرا) ڕاگەیاندووە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەوە کردووە، هەرکەسێک ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدایە و ئارەزووی خوێندنی لە زانکۆکانی وڵاتی سعوودیە هەیە بە لە بەرچاوگرتنی تێبینی و مەرجەکان دەتوانێت داواکاری پێشکەش بکات.
ئەو مەرج و داواکارییانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڵاویکردووەتەوە ئەمانەن، پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بێت، پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بروانامە، بەڵام بۆ دەرچووانی بەرنامەی تواناسازی دەبێت بە لایەنی کەم پێنج ساڵ خزمەتی هەبێت.
هەروەها پێشکەشکار دەبێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی بۆ خوێندنی ماستەر لە %65کەمتر نەبێت و بۆ خوێندنی بەرنامەی دکتۆرا دەبێت کۆنمرەی ماستەری لە %70 کەمتر نەبێت،داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات، واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت بۆ خوێندنی بەرنامەی دکتۆرا دەبێت ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەمەشی ڕاگەیاندووە، کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لە لایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان، کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن وڵاتی شانشینی عەرەبی سعوودی پشتگیری دارایی بە شێوەی بەشی (جزئیة) یان بە شێوەی گشتیی (کاملة) دەکرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەخت لەوە دەکاتەوە، دواکات بۆ پێشکەشکردن 31ی تشرینی یەکەمی 2025.