سەرۆکی دامەزراوەی ئاشوورییەکان: هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ ئاشوورییەکان

سەرۆکی دامەزراوەی ئاشوورییەکان ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگی لە پاراستنی ئاشوورییەکاندا گێڕاوە، بە تایبەت دوای ساڵی 2003 کە ژمارەیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. ئاماژەشی دا، هەرێمی کوردستان بووەتە شوێنێکی ئارام و سەلامەت بۆ ئەو ئاشوورییانەی کە لە ترسی هەڕەشە و هێرش ناوچەکانی خۆیان جێهێشتووە.
سام دەرمۆ، سەرۆکی دامەزراوەی ئاشوورییەکان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی: "پێش 2003، ژمارەی ئاشوورییەکان لە عێراق لەسەر ئاستی جیهان لە بەرزترین ئاستدا بوو. بە شێوەیەک، لە بەسڕە کڵێسامان هەبوو، بەڵام ئێستا تەنانەت یەک ئاشووریش لەوێ ناژیت؛ لە بەغداش لە 95% ئاشوورییەکان نەماون، یان عێراقیان جێهێشتووە یان هاتوونەتە هەرێمی کوردستان."
سەرۆکی دامەزراوەی ئاشوورییەکان هۆکاری ئەم کۆچەی گەڕاندەوە بۆ ئەو هەڕەشانەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە و ئاماژەی دا، چونکە هەڕەشەیان لێ کراوە، کڵێساکانیان بۆردوومان کراوە، وەک ئەوەی لە کڵێسای سەیدە نەجات ڕوویدا و خەڵکیان لە کاتی خوداپەرستیدا کوشت."
سام دەرمۆ ستایشی دۆخی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی: "سوپاس بۆ خودا، لەم هەرێمەدا کڵێسایەک بۆردوومان ناکرێت و سەلامەتی و پارێزراوی هەیە."
هەروەها ئاماژەی بە هەنگاوێکی ئەرێنی کرد بۆ یادکردنەوەی مێژووی ئاشوورییەکان باسی لەوە کرد، یەکێک لە سەرکەوتنەکان بۆ ئاشوورییەکان ئەوەیە کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1933ـەوە، لە سێمێل مۆنۆمێنتێکی تایبەت بە ئاشوورییەکان دروست دەکرێت، بۆ یادکردنەوەی ئەو کۆمەڵکوژییەی کە لەلایەن سوپای عێراقەوە دژی خەڵکی بێچەکی ئاشووری کرا."
هاوکات، سەرۆکی دامەزراوەی ئاشوورییەکان ئاماژەی بە بوونی هەندێک کێشە کرد، وەک کێشەی زەوی و زار و نەبوونی هەلی کار، کە لە کۆبوونەوەیەکدا لە واشنتن لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باسیان کردووە. دەرمۆ گوتیشی: "ئەم کەیسانەمان پێشکەشی سەرۆک وەزیران کرد، ئەویش بەڵێنی دا خۆی بەدواداچوونیان بۆ بکات، ئەمەش شتێکی زۆر باشە."
کۆمەڵکوژی سیمێلێ لە لایەن عێراقەوە بە سەرکردایەتی جەنەراڵ بەکر سیدقی لەشکر لە مانگی ئابی ساڵی 1933 دانیشتووانی ئاشووری عێراقی لە گوندی سیمێلێ و دەوروبەری کردە ئامانج، بەگوێرەی ئامارەکانی بەریتانیا لە نێوان 300 بۆ 600 ئاشووری کوژراون، لە کاتێکدا سەرچاوە ئاشوورییەکان ژمارەی کوژراوان لە نێوان 3 هەزار بۆ شەش هەزار کەس دەخەمڵێنن.