ترەمپ: ئیسرائیل جارێکی دیکە هێرش ناکاتەوە سەر قەتەر

سەرۆکی ئەمەریکا، دووپاتیکردەوە، ئیسرائیل جارێکی دیکە هێرش ناکاتە سەر قەتەر.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕەتیکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پێش ڕوودانی هێرشەکەی دەوحە ئاگاداری کردبێتەوە. نووسینگەی ناتانیاهۆ ڕۆژی دووشەممە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پشتڕاستی کردەوە بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لە دەوحە ئۆپەراسیۆنێکی "تەواو سەربەخۆ"ی ئیسرائیلە.
ترەمپ ڕەتیکردەوە، ئاگاداری پلانەکانی ئیسرائیل بێت بۆ هێرشکردنە سەر دەوحە و ئاماژەی بەوەشکرد، لە هێرشەکە ڕازی نییە، بەتایبەتی کە قەتەر هاوپەیمانێکی سەرەکی واشنتنە. هەفتەی ڕابردوو بەرپرسانی ئەمەریکا بانگەشەی ئەوەیان کردبوو، سوپای ئەمەریکا فڕۆکەکانی ئیسرائیلی لە ئاسمان بینیوە و داوای ڕوونکردنەوەیان لە ئیسرائیل کرد، بەڵام ئەمە نەگەیشتە ئەو کاتەی مووشەکە بالیستیکییەکان لە ئاسماندا بوون، بەرەو کۆمپیوندی حەماس لە دەوحە.
پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکی ئاشکرای کرد، ناتانیاهۆ ترەمپی ئاگادار کردووەتەوە، ئیسرائیل بەنیازە هێرشبکاتە سەر سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر. کۆشکی سپی پێشتر جەختی لەوە کردبووەوە کە تا دوای تەقاندنی مووشەکەکان ئاگاداری ئەو هێرشە نەبوون، بەمەش ترەمپ هیچ دەرفەتێکی نەمایەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە هێرشەکە.
ئاکسیۆس لە زاری حەوت بەرپرسی ئیسرائیلییەوە ڕایگەیاندووە، کۆشکی سپی پێشوەختە ئاگاداری هێرشەکە بووە، هەرچەندە ئاگادارکردنەوەکە دواکەوتووە، بەڵام کاتێکی بەسە بۆ هەڵوەشاندنەوە یان ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە هێرشەکە.
سێ بەرپرسی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، ناتانیاهۆ لە دەوروبەری کاتژمێر 8:00ـی بەیانی بەکاتی واشنتن پەیوەندی بە ترەمپەوە کردووە بۆ ئەوەی لەبارەی وردەکارییەکانی لێدانەکە ئاگاداربکاتەوە، لەکاتێکدا یەکەم ڕاپۆرتی تەقینەوەکان لە دەحە لە نزیکەی کاتژمێر 8:51ـی بەیانیدا هاتووە.
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا "ترەمپ پێش تەقاندنەوەی مووشەکەکان زانیاری لەسەر هێرشەکە هەبوو، سەرەتا گفتوگۆیەکی سیاسی لەنێوان ناتانیاهۆ و ترەمپ هەبوو، دواتر لەڕێگەی کەناڵە سەربازییەکانەوە، ترەمپ نەیگوت نەخێر." بەرپرسێکی دیکەی باڵای ئیسرائیل ڕایگەیاند "ئەمەریکا زۆر پێشوەختە لە ئاستی سیاسیدا ئاگادارکرابووەوە، ترەمپیش دەیتوانی هێرشەکە بوەستێنێت ئەگەر بیەوێت، بەڵام نەیکرد."
دوو بەرپرسی ئیسرائیل پشتڕاستیان کردەوە ناتانیاهۆ پێش تەقاندنی مووشەکەکان لەگەڵ ترەمپ قسەی کردووە و بانگەشەی ئەوەیان کردووە، ئەگەر ترەمپ ناڕەزایی دەرببڕایە، تەلئەڤیڤ هێرشەکەی هەڵوەشاندەوە. بەرپرسانی ئیسرائیل وردەکاریی پەیوەندییەکەی نێوان ترەمپ و ناتانیاهۆ پێش هێرشەکە نەخستەڕوو، هەروەها ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا ناتانیاهۆ داوای مۆڵەتی ڕوون لە سەرۆکی ئەمەریکای کردووە یان تەنیا لە پلانەکان ئاگاداری کردووەتەوە.
سێیەم بەرپرسی ئیسرائیلی دانی بەوەدانا "ئیسرائیل پێشوەختە ئیدارەی ترەمپی ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام بڕیاریداوە هاوتەریب بێت لەگەڵ ڕەتکردنەوەی کۆشکی سپی لە ئاگاداری پێشوەختە لەسەر پلانەکانی ئیسرائیل." ئەو بەرپرسە ڕوونیشیکردەوە، "لەلای خۆمانەوە بڕیارماندا هاوکارییان بکەین لەم کارەدا بۆ بەرژەوەندیی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل."