مارکۆ ڕوبیۆ: حەماس ماوەیەکی کورتی لەبەردەستە

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت: بزووتنەوەی حەماس ماوەیەکی کورتی لەبەردەستدایە کە ڕەنگە تەنیا چەند ڕۆژێک بێت، بۆ ئەوەی بە ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە ڕازی بێت.
سێشەممە 16ـی ئەیلوولی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پاش ئەوەی کۆتایی بەسەردانەکەی بۆ ئیسرائیل هێنا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ئیسرائیل دەستی بە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنی غەززە کردووە، گوتی: پێم وایە ماوەیەکی زۆر کەممان لەبەردەستدا ماوە بۆ ئەوەی لەگەڵ حەماس ڕێکبکەوین، ئەو ماوەیە ڕەنگە چەند ڕۆژێک، یاخود چەند هەفتەیەکی دیکە بێت.
ڕوبیۆ ئاماژەی بەوە کرد، قەتەر تاکە وڵاتە دەتوانێت ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە سەربخات، سەرباری ئەو هێرشەی هەفتەی ڕابردوو ئیسرائیل کردیە سەر دەوحەی پایتەختەکەی.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، پێویستە حەماس بڕیاری خۆی بدات، دوای ئەو هێرشەی هەفتەی ڕابردوو کرایە سەر سەرکردەکانیان لە قەتەر، ڕێککەوتن دەکات یاخود نایکات، گوتی: دەبێت ئەوە بزانن، تاکە وڵات لە جیهان کە دەتوانێت ئەو جەنگەی سەر غەززە بووەستێنێت، ئەویش قەتەرە.
دوێنێ دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل لە جەنگی سەر غەززە، گەیشتە قودس(ئۆرشەلیم) و لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکەش، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: هاتنی ڕوبیۆ، پەیامێکی ڕوونە لە پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل، مارکۆ ڕوبیۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش هەر لەو کۆنفرانسەدا کە بە هاوبەشی لەگەڵ ناتانیاهۆ کردیان، گوتی: پێویستە حەماس چەک دابنێت و بەزووترین کات بارمتەکان ئازاد بکات، گوتیشی: تاکوو حەماس مابێت، سەقامگیریی بەدی ناێیت.