ئێران ڕەخنە لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی لووتکەی عەرەبی و ئیسلامی دەگرێت

سێشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەخنەی لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی لووتکەی دەوحە و خستنەڕووی "دانپێدانان بە ئیسرائیل" لە چارەسەری دوو دەوڵەتی گرت، جەختیشی کردەوە، پەیوەست بوون بە کۆدەنگی لەسەر ئەم لێدوانە نابێت وەک دانپێدانان بە ئیسرائیل تێبگەین.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوەکەیدا سەبارەت بە پرسی دانپێدانانی ئیسرائیل لە لووتکەی دەوحەدا هاتووە: پەیوەستبوونی ئێران بە کۆدەنگی لەبارەی ئەم ڕاگەیەندراوە نابێت وەک دانپێدانانی ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک تێبگەین.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، دەربارەی چارەسەری هەمیشەیی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین، جەخت لەوە دەکەینەوە ئەمەی ناو نراوە چارەسەری دوو دەوڵەت، پرسی فەڵەستین چارەسەر ناکات.
وەزارەتی دەرەوە پێی وابوو کە چارەسەری ڕاستەقینە و بەردەوام لە دامەزراندنی یەک دەوڵەتی دیموکراسیدایە، کە لە ڕێگەی ڕیفراندۆمێکی گشتیەوە هەموو فەلەستینییەکان، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوە بەشداری بکەن، ئەمەش نوێنەرایەتی تەواوی گەلی فەڵەستین مسۆگەر دەکات.
سەبارەت بە نێوەندگیری و ڕۆڵی ئەمەریکا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە، کە ئێران هەوڵەکانی قەتەر و میسر بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی دەستبەجێ و هەمەلایەنە بەرز دەنرخێنێت، هاوکات دووپاتی کردەوە کە سیاسەت و ڕێوشوێنەکانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی کاریگەر بووەتە هۆی بەردەوام بوون و پشتیوانی هێرشەکانی ئیسرائیل دژی گەلی فەڵەستین.
وەزارەتەکە لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییە، ئێران پێی وایە ناتوانرێت ئەمەریکا وەک لایەنێکی متمانەپێکراو یان بێلایەن هەژمار بکرێت، لە پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی دادپەروەر لەم ململانێیەدا.