قاسم ئەعرەجی: عێراق مەبەستیەتی پەیوەندییە ئەمنی و ئابووریەکان لەگەڵ ڕووسیا پەرەپێبدات

قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق پێشوازی لە سێرگی شویگۆ سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ڕووسیا و شاندی یاوەری کرد.

سێشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2025، قاسم ئەعرەجی، لەدیدارەکەیدا لەگەڵ سێرگی شویگۆ گوتی: حکوومەتی عێراق بەرەو کرانەوەیەکی فراوانتر دەربارەی هاوکاریی لەگەڵ وڵاتانی جیهان هەنگاو دەنێت، ئەمەش لە پێناو بەرژەوەندی هاوبەشە.

هەروەها لە دیدارەکەدا کۆمەڵێک پرس و بابەتی هاوبەشیان تاوتوێ کرد، لەوانە ئاڵوگۆڕی شارەزایی و زانیاری، گواستنەوەی تەکنەلۆژیا، و ڕاهێنان لە بوارەکانی ئاسایشی سنوورەکان، ئاسایشی ئەلکترۆنی، و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ماددە هۆشبەرەکان.

لە دیدارەکەدا باس لە پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ڕێگاکانی درێژەدان بە هاریکاری لە هەموو ئاستەکاندا کرا.

هەردوولا باسیان لە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە و هەوڵەکانی حکوومەتەکانی عێراق و ڕووسیا بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە و چارەسەری دیپلۆماسیی و کۆتاییهێنان بەئازارەکانی گەلی فەڵەستین کرد.

قاسم ئەعرەجی جەختی کردەوە، کە حکوومەتی عێراق جدییە و ئارەزووی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەمنی و ئابووری و ستراتیژی و وەبەرهێنانەکان لەگەڵ ڕووسیا دەکات، لای خۆشیەوە سێرگی شویگۆ خواستی ڕووسیای بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و زیادکردنی هاوکاری هاوبەش لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی.

سەردانەکەی شویگۆ وەک ئامادەکارییەکە بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کە بڕیارە لە پەراوێزی لووتکەی عەرەبی کە لە مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت کۆببنەوە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment