دیپلۆماتکارێکی ئێران پێشنیازی دانوستانی گشتگیر لەگەڵ ئەمەریکا دەکات

جاوید قوربان ئوغڵی، باڵیۆزی پێشووی ئێران لە ئەفریقای باشوور، دەڵێت: پێشنیاز دەکەم ئێران، بە شێوەیەکی فەرمی و ڕوون ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆی گشتگیر لەگەڵ ئەمەریکا ڕابگەیەنێت.
ئەو دیپلۆماتە، لە گفتوگۆیەکەدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی 'هەممیهەن' دەڵێت: هەرچەندە ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، دەتوانێت هیوایەک بۆ دەربازبوون لە میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، دروست بکات، بەڵام هێشتا بە دڵنیاییەوە ناتوانرێت باس لە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە بکرێت.
گوتاری دووبارە و دروشمی بێسوود
قوربان ئۆغڵی، دەشڵێت: گەلی ئێران چاوەڕوانی بڕیارێکی گرنگ و کاریگەر دەکات کە وڵات بۆ هەمیشە لەم دۆخە هەڵپەسێردراوە ڕزگار بکات و ئاسۆیەکی ڕوون بۆ گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی بهێنێتە کایە.
ئەو، ڕەخنە لە دروشمە بێسوود و پڕتێچووەکانی ئوسوڵگەراکان دەگرێت و پێیوایە "ئەم دروشمانە زیاتر بۆ ململانێی ناوخۆیی و بەدەستهێنانی دەسەڵاتە. ئەوانە، بەبێ ئەوەی ئاگاداری دۆخی هەستیاری وڵات بن، هەڕەشە دەکەن، یاسا دەردەکەن و کاری وتووێژکاران سەخت دەکەن و بەبێ هیچ ترسێک لە لێپرسینەوە، گرفتی گەورە بۆ وڵات دروست دەکەن."
پێویستیی کاری دیپلۆماسی لە دۆخێکی هەستیاردا
ئەو دیپلۆماتە، ئاماژە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر دەکات و دەڵێت: ئەو هێرشە نیشانی دا کە ئیسرائیل بە پشتیوانیی ئەمەریکا هیچ بەهایەک بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەما ئەخلاقییەکان دانانێت. لە دۆخێکی ئاوهادا کە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە وێنەی نەبووە، دەبێت ئێران زۆر بە وریاییەوە هەنگاو بنێت. لە کاتێکدا کە پاراستنی ئامادەیی بەرگری پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە، دەبێت کەڵک لە کاری دیپلۆماسی وەک گرنگترین میکانیزم بۆ چارەکردنی کێشەکان و تێپەڕاندنی قەیرانەکان، وەربگیرێت.
قوربان ئۆغڵی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە مەترسیی کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان لە لایەن سێ وڵاتە ئەوروپییەکەوە زەنگێکی ئاگادارکەرەوەیە و پێویستی بە چارەسەری ژیرانە هەیە. هەر جۆرە مامەڵەیەکی دروشمئامێز لەگەڵ ئەم دۆخەدا، جگە لە زیان و دروستکردنی ئەگەری دەستدرێژییەکی نوێ بۆ سەر وڵات، هیچ ئەنجامێکی تری نابێت.
بەدەمەوەچوونی پابەندییە نێودەوڵەتییەکان
ئەو دیپلۆماتکارە پێیوایە، ئەگەر ئێران ئەندامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمە، دەبێت پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و لە بەرامبەردا سوود لە مافەکانی وەربگرێت. ئەگەرنا، وەک ئوسوڵگەراکان بانگەشەی بۆ دەکەن، دەتوانێت لە پەیمانی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) بکشێتەوە، بەڵام دەبێت ئەوانەی ئەم دروشمە دەڵێنەوە، بەرپرسیارییەتی و دەرئەنجامەکانیشی لە ئەستۆ بگرن.
هاوکارینەکردنی ئاژانس، واتە قبووڵکردنی تۆمەتە بێبنەماکانی ئیسرائیل سەبارەت بە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، زیادکردنی گومانی جیهانی لەسەر نیازی ئاشتیخوازانەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، و کردنەوەی دەستی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ کۆکردنەوەی کۆدەنگیی جیهانی دژی ئێران و ئەگەری هێرشی سەربازی.
پێویستیی دەربازبوون لە دۆخی گۆشەگیری
باڵیۆزی پێشووی ئێران لە ئەفریقای باشوور، پێیوایە ئێران پێویستی بەوەیە لە دۆخی گۆشەگیری بێتە دەرەوە. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتی هێرشی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، تەنیا ژمارەیەکی کەم لە وڵاتان سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییەیان کرد. لە کاتێکدا کە دوای هێرشەکەی سەر قەتەر، نزیکەی هەموو وڵاتانی جیهان سەرکۆنەیان کرد. ئەمەش ڕاستییەکی تاڵ دەردەخات کە ناتوانرێت بە ئاسانی پشتگوێ بخرێت.
لە کۆتاییدا، قوربان ئۆغڵی دووپاتی کردەوە "پێشنیاز دەکەم، بە شێوەیەکی فەرمی و تەواو ڕوون ئامادەیی خۆمان بۆ 'دانوستانی گشتگیر لەگەڵ ئەمەریکا' ڕابگەیەنین بە مەبەستی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات و دەرچوون لەم دۆخە نالەبار و ئاڵۆزەی وڵاتەکەمان."