هەولێر.. سەرەڕای کۆکردنەوەی هەزاران سەگ، ڕۆژانە حاڵەتی گەستن تۆمار دەکرێن
لە مانگێکدا 94 حاڵەتی گەستنی سەگ لە هەولێر تۆمارکراوە؛ هەڵمەتێکی فراوانیش بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بەردەوامە.
بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی ڕۆژئاوای هەولێر، تەنیا لە مانگی ڕابردوودا 94 حاڵەتی گەستنی سەگ لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆمارکراوە، کە زۆرینەیان لە دەوروبەری شار بوون. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەڵمەتێکی فراوان بۆ کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی سەگە بێلانەکان لە ناوەڕاستی شاردا بەردەوامە.
ڕۆژانە دوو تیمی جیاواز زیاتر لە 50 سەگ لەناو سەنتەری شاری هەولێر کۆدەکەنەوە و دەیان گوازنەوە بۆ شێڵتەری سەگە بێلانەکان. سەرەڕای ئەم هەڵمەتە چڕە لە ناوەڕاستی شار، بەڵام دەوروبەری شار کەمتر دەگرێتەوە، کە وەک ئامارەکان دەریخستووە، زۆرینەی حاڵەتەکانی گەستنی سەگ لەو ناوچانە تۆمارکراون. بەرپرسان پێیان وایە گەر شێڵتەری سەگە بێلانەکان نەبووایە، لەوانەیە ژمارەی حاڵەتەکان چەند هێندەی ئێستا زیادیکردبایە.
هاووڵاتیان پێشوازی لە هەڵمەتەکە دەکەن، بەڵام داوای فراوانکردنی دەکەن. ئاراس سەمەد، دانیشتووی گەڕەکی بنەسڵاوەی هەولێر، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، "بنەسڵاوە بە گشتی تا مانگێک پێش ئێستا بەهۆی سەگی هار لە حاڵەتێکی زۆر خراپدا بوو، بەڵام ئێستا دوای هەڵمەتەکەی پارێزگای هەولێر بە دەگمەن سەگی بێلانە دەبیندرێت، بۆیە دەستخۆشییان لێدەکەین."
هەروەها دەوڵەت تەها، دانیشتوویەکی دیکەی هەمان گەڕەک، گوتی: "ئێستا لە چاو پێشتر سەگی بێلانە زۆر کەم بووە و داوا لە حکوومەتی هەرێم و سەرۆکی شارەوانی دەکەین ئەو سەگانەی ماونەش ببردرێن بۆ پاراستنی گیانی منداڵەکانمان کە ناتوانن بە ئارامی بێنە دەرەوە."
لەلایەکی دیکەوە، هەوڵەکان بۆ چارەسەری درێژخایەنی کێشەی سەگە بێلانەکان بەردەوامە. کۆنفڕانسێک بە ئامانجی کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی گەستن بەڕێوەچوو، کە تێیدا ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان، شارەوانی، ڤێتەنەری، پۆلیسی ژینگە، پێشمەرگەی ژینگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بەشدار بوون. ئامانج ئەوەیە جگە لە شێڵتەر، بە شێواز و ڕێگەی جیاواز کۆنترۆڵی سەگە بێلانەکان بکرێت. ڕێکخراوە ژینگەییەکانیش جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە سەگی بێلانە ئازاری مرۆڤ نادات و مرۆڤەکان دەبنە هۆکاری کێشەکان.
شایەنی باسە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە شێڵتەری سەگە بێلانەکان، 18 هەزار سەگ کۆکراوەتەوە و نەشتەرگەری خەساندنی بۆ 9 هەزار سەگیان کراوە و دواتر گەڕێندراونەتەوە دەرەوە.