پڕۆژەی دووسایدی ناو بازاڕی حاجی ئۆمەران 90%ی کارەکانی تەواو بووە

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆژەی دووسایدی ناو بازاڕی حاجی ئۆمەران کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەت، لەسەر بودجەی وەزارەتەکە جێبەجێ دەکرێت و 90%ی کارەکانی تەواو بووە. بڕیارە بەم زووانە تەواوی پڕۆژەکە کۆتایی پێبێت.
ڕۆژی چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتەکە ڕوونیکردەوە، ئەم پڕۆژەیە بە مەبەستی پەرەپێدانی زیاتری خزمەتگوزارییەکان لە شارۆچکەکە ئەنجام دەدرێت و لە ئێستادا کارەکانی بە باشی بەڕێوە دەچن. بڕیاریشە لە مانگی 10ـی ئەمساڵدا بە تەواوی کۆتایی پێبێت.
ڕاشیگەیاند، پڕۆژەی دووسایدی ناو بازاڕی حاجی ئۆمەران، گوژمەکەی لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دابینکراوە و تیمێکی ئەندازیارانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران سەرپەرشتی دەکەن.
باسی لەوەش کرد، پێکهاتەکانی پڕۆژەکە بریتییە لە شەقامی دووساید، دیواری پاڵپشت، تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ، تۆڕی ڕووناکی، سەوزایی، و چەند تایبەتمەندییەکی دیکەی گرنگ. ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە یەک ساڵی بۆ دیاریکراوە و ئێستا 90%ی کارەکانی تەواو کراوە.