موقتەدا سەدر داوا لە حکوومەت دەکات لەسەر پرسی ئاو لەگەڵ تورکیا کۆببێتەوە

"یەدەگی ئاوی وڵات بەرەو تەواوبوون دەچێت"

موقتەدا سەدر، رێبەری ڕەوتی نیشتمانی شیعە داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات لەگەڵ تورکیا کۆببێتەوە تاوەکوو ئاوی زیاتر بۆ عێراق بەرداتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025، موقتەدا سەدر لە پلاتفۆڕمی 'ئێکس' نوسییویەتی: ڕوونە قەیرانی ئاو لە جیهان گەیشتۆتە عێراق و زەنگی مەترسی لێداوە، بەتایبەتی کە یەدەگی ئاوی وڵات بەرەو تەواوبوون دەچێت، جگە لە وشکەساڵی و کەمی باران و ئاوی ڕووبارەکان.

موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین ڕێوشوێنە پێویستەکان لەم ڕووەوە خێراتر بکەن، هەروەها گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا بکەن بۆئەوەی پشکی ئاوی عێراق زیاتر بکات، دواتر ڕێوشوێنە ناوخۆییەکان بۆ پاراستنی ئاو وەک دروستکردنی بەنداو لە ناوچە گونجاوەکان و کۆگای ئاو بگیرێتە بەر، هەروەها سزای ئەو کەسانە بدرێت کە ئاو بەفیڕۆ دەدەن. گوتیشی: بەتایبەتی بۆ ئاوی خواردنەوە دەبێت پشت بەئاوی بیرەکان ببەسترێت.

ڕێبەری ڕەوتی شیعە جەختیشی کردەوە، هەر دواکەوتنێک زیانی تەندروستی و کشتوکاڵی و چەندان زیانەکانی دیکە، دەرئەنجامەکەشی لە ئەستۆی پسپۆڕاندایە، هەروەها خەڵکی ستەملێکراوی عێراقیش بەهۆی قەیرانی ئاوەوە زیانیان پێدەگات، دوای ئەوەی بەهۆی کارەبا و قەیرانەکانی دیکەوە زیانیان پێگەیشتووە.

لەکۆتایی قسەکانیدا موقتەدا سەدر ڕووی لە بەرپرسان کرد و گوتی: وەک ئەو کەسانە مەبن کە گەلەکەیان لەبیر کردووە، بەتایبەتی لەناو ململانێ هەرێمییەکان کە ڕەنگە سێبەری خۆیان بخەنە سەر عێراقیش، ئەوکات پەشیمانی سوودی نییە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment