نەوزاد شێخ کامیل: بڕینی بەشەخۆراکی هاووڵاتییان لەم کاتەدا جێبەجێ ناکرێت

وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند، چەند گۆڕانکارییەک لە بەشەخۆراکی مانگانەدا دەکات. لای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم ڕایگەیاند، لەم کاتەدا ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت زیانی بۆ هاووڵاتییان دەبێت.

 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ئابووری لە 01-09-2025 چەند بڕیارێکی نوێی لەبارەی بەشەخۆراکی مانگانە دا و لە نووسراوێکدا بڵاویکردەوە، "بەشەخۆراکی ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە ڕادەگیرێت کە مووچەکەیان لە یەک ملیۆن دینار زیاترە، تەنیا مووچەخۆرەکە دەگرێتەوە و ئەندامانی دیکەی خێزانەکە بەشەخۆراکیان وەر دەگرن."

لای خۆیەوە نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی کوردستان24 ڕایگەیاند: "ئەم بڕیارە لەم کات و بارودۆخەدا بۆ هەرێمی کوردستان قورسە. ئەو فەرمانبەرانەی خانەنشینن و مووچەکەیان ملیۆنێک بێت و بەشەخۆراکەکەی ببڕدرێت، یان ئەوەی مووچەکەی ملیۆن و نیوێک بێت و هی هەموو خێزانەکە ببڕدرێت، ناڕەزایەتی لێ دەکەوێتەوە."

ئاماژەی بەوەشدا، "ئێمە لای خۆمانەوە ڕوونکردنەوەمان داوەتە وەزارەتی خۆمان و لایەنە پەیوەندیدارەکانمان لەو بابەتە ئاگادار کردووەتەوە، کە لەم کاتەدا ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت زیانی بۆ هاووڵاتییان دەبێت، بۆیە جارێ جێبەجێ ناکرێت." گوتیشی: "ئەمە پێشنیازێکە و ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت بۆ مانگی 12 جێبەجێی بکات."

سەبارەت بە وەرگرتنی پارە لە هاووڵاتییان لە بەرامبەر پێدانی بەشەخۆراک، کە گوایە لە 500 دینارەوە دەبێت بە هەزار دینار، بەو مەرجەی وەزارەت پارەکە بۆ دابینکردن و باشترکردنی بەشەخۆراک بەکاربهێنێتەوە. نەوزاد شێخ کامیل، گوتی: "ئێستا ئەوەش جێبەجێ ناکرێت." 

لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق درەنگانی شەوی ڕابردوو، لە ڕاگەیێندراوێکدا داوای لە بریکارانی خۆراک و ئارد کردبوو، سەردانی بنکەکانی دابەشکردن بکەن بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە و ئارد، بە مەبەستی دابەشکردنی بەسەر هاووڵاتییاندا.

وەزارەتەکە ڕایگەیاندبوو، "ئەو بڕە پارەیەی لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت تەنیا 500 دینارە و ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە کە لە هەندێک میدیادا بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە زیادکردنی کرێی دابەشکردن یان گۆڕانکاری لە ڕێکارەکانی بێبەشکردن." ڕاشیگەیاند، "لەم کاتەدا ئەو ڕێکارانە جێبەجێ ناکرێن."

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment