کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت کۆتاییهات

بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت کۆتاییهات، گوتیشی: بەهۆی یەکلایی نەکردنەوەی بابەتە یاساییەکان، ئەنجوومەنی دەوڵەت نەیتوانی هیچ بریارێک بدات و بابەتەکەی دواخست بۆ سبەی پێنجشەممە 18ـی ئەیلوولی 2025.
نزیکەی کاتژمێر 10:45 خولەکی ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025، بە سەرۆکایەتیی کەریم خەسباک، سەرۆک ئەنجوومەنی دەوڵەت و دادوەر و ڕاوێژکارەکانی ئەنجوومەنەکە؛ کۆبوونەوەی تایبەت بە وەڵامدانەوەی نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی پرسی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان، دەستیپێکرد.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، بڕیاری دا ڕەشنووسی نێوان هەولێر و بەغدا و کۆمپانیا نەوتییەکان ڕەوانەی ئەنجوومەنی ڕاوێژکاریی وەزارەتی نەوت بکرێت و ئەگەر تێبینییان نەبێت، کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کۆتایی پێدێت و دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتەکە دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا لە بری پێدانی 16 دۆلار بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت بە کۆمپانیا نەوتییەکان، نەوتیان پێ بدات.
هەمان ڕۆژ کۆمپانیای سۆمۆ لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کرد، سەرجەم گرێبەست و پابەندبوونەکانیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە تەواو کردووە کە نەوتی هەرێمی کوردستان دەکڕن و هەناردەکردنەوەى ئەو نەوتە "شکۆمەندی عێراق وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی هەناردە بۆ بازاڕی ئەورووپا دەگەڕێنێتەوە."
سێشەممەی ڕابردوو (09ـی ئەیلوولی 2025)، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا، بڕیاریدا دۆسیەی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت بنێرێت، تاوەکو لە ڕووی یاساییەوە رای خۆی لەسەر بدات کامە داهاتی فیدراڵییە و کامەش داهاتی فیدراڵی نییە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقدا.