زیاتر لە حەوت هەزار و 500 ئیسرائیلی واژۆی دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستینیان کردووە

زیاتر لە حەوت هەزار و 500 هاووڵاتی ئیسرائیلی یاداشتێکیان واژۆکرد، دەربارەی دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین و کۆتاییهێنان بە جەنگ و کۆمەڵکوژی غەززەییەکان. 

چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025، 'بزوتنەوەی ززیم'ـی ئیسرائیلی ناحکوومی کە چالاکوانی عەرەب و جووی تێدایە، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، ئەو واژۆیانە کۆدەکەنەوە بۆ گەیاندنی دەنگی ئیسرائیلیەکان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێش کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بڕیارە لە 22ـی ئەیلوول لەنیویۆرک  بەڕێوە بچێت"، بزووتنەوەکە پێشبینی دەکات پێش کۆبوونەوەکە ژمارەی واژۆکاران لە 10 هەزار کەس تێپەڕێنێت.

لە داواکاریی بزووتنەوەکەدا هاتووە کە هاووڵاتیان واژۆی لەسەر دەکەن، "دانپێدانان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینی سزا نییە بۆ ئیسرائیل، بەڵکو هەنگاوێکە بەرەو داهاتوویەکی باشتر لەسەر بنەمای دانپێدانانی یەکتر و ئاسایش بۆ هەردوولا."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەڵبژاردنەکە ڕوونە، یان دان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینیدا بنێن شانبەشانی ئیسرائیل، یان پڕۆژەیەکی توندڕەوی هاوشێوەی وەزیری دارایی بیتزالیل سمۆتریچ بەڕێوەببەن کە بانگەشەی بەردەوامبوونی شەڕی قڕکردن دەکات.

سمۆتریچ و وەزیرەکانی دیکەی حکوومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ پاڵپشتی لکاندنی کەناری ڕۆژئاوا بە ئیسرائیل دەکەن، کە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، بە شێوەیەکی کاریگەر کۆتایی بە ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەهێنێت.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment