تاوتوێی پێدانی "مافی هیوا" بە ئۆجەلان دەکرێت.. دەم پارتیش داوای ئازادکردنی دەمیرتاش دەکات

لیژنەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا تاوتوێی پێدانی "مافی هیوا" بە ئۆجەلان دەکات. دەم پارتیش دووپاتی دەکاتەوە، کاتی ئازادکردنی دەمیرتاش هاتووە و پێویستە لە زیندان بهێنرێتە دەرەوە.
لیژنەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا، کە لە ڕۆژی 15ی ئەم مانگەوە کۆبوونەوەکانی دەستپێکردووە و ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025، کۆتا دانیشتنی خۆی ئەنجام دەدات؛ چاوەڕوان دەکرێت تاوتوێی بابەتی پێدانی "مافی هیوا" بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بکات.
هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە، لە چەند پارێزگایەکی تورکیا و باکووری کوردستان هاووڵاتییان خۆپیشاندان و ڕێپێوان ساز دەکەن و داوای جێبەجێکردنی مافی هیوا بۆ ئۆجەلان دەکەن، بەو هیوایەی ناوبراو ئازاد بکرێت.
فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ، پارێزەری ئۆجەلان، ڕایگەیاندووە، پێویستە مافی هیوا بۆ ئۆجەلان دەستەبەر بکرێت و دەسەڵات پابەند بێت بە جێبەجێکردنی ئەو مافە.
مافی هیوا چییە؟
"مافی هیوا" یاسایەکە یان مافێکە کە لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپاوە دەرچووە. بەپێی ئەم یاسایە، هەر بەندکراوێک کە سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرابێت، دوای تێپەڕبوونی 25 ساڵ لە زیندانیکردن، مافی ئەوەی دەبێت کە داوای پێداچوونەوە بە بڕیاری سزادانەکەیدا بکات، یان ئازاد بکرێت، یان مەرجدار بەربدرێت.
دەم پارتی داوای ئازادکردنی دەستبەجێی سەڵاحەددین دەمیرتاش دەکات
پاش سەردانێکی جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دیاربەکری سەر بە دەم پارتی، بۆ لای سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، و سەلچوک مزراکلی، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی گەورەی دیاربەکر، لە زیندانی ئەدیرنە، چاندار ڕایگەیاند ئەگەر بەڕاستی پرۆسەیەکی ئاشتی لە تورکیا دەستیپێکردبێت، پێویستە دەمیرتاش و مزراکلی ئازاد بکرێن.
هەروەها چاندار گوتی "سەڵاحەددین دەمیرتاش چاوەڕێی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپایە، کە لە 8ی تەممووزی 2025 دەرچووە. ماوەی تانەلێدانی تورکیا خەریکە کۆتایی دێت و ئەگەر تورکیا ناڕەزایی دەرنەبڕێت، دەمیرتاش دەستبەجێ ئازاد دەکرێت."
چاندار ئاماژەی بەوەدا "دۆخی ئێستا نیشانەیە بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی بەرەو ئاشتی هەنگاو نانێت؛ چونکە بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی سەرکەوتوو بێت، پێویستە متمانە و پشتیوانی کۆمەڵگا بەدەستبهێنرێت، بەڵام بە هێشتنەوەی سەڵاحەددین دەمیرتاش لە زینداندا، ناتوانرێت هیچ متمانەیەک لەم پرۆسەیەدا بۆ کۆمەڵگا دروست بکرێت."
پێشتر، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیارەکەی خۆی سەبارەت بە ئازادکردنی دەمیرتاش دووپاتکردبووەوە و ماوەی سێ مانگی بۆ تورکیا دیاریکردبوو بۆ تانەلێدان.