بازنێکی زێڕ کە مێژووەکەی بۆ 3 هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە لە مۆزەخانەی میسر لە قاهیرە ونبوو

وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەواری میسر لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی داوە، بازنێکی زێڕ کە مێژووەکەی بۆ 3 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، لە تاقیگەی نوێکردنەوەی مۆزەخانەی میسری لە قاهیرە دیار نەماوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بازنە زێڕکە بە "مورووی شینی لازورد ڕازێنراوەتەوە"، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فیرعەون ئامنیمۆپی، کە پاشای بنەماڵەی بیست و یەکەمی میسر بووە لە ساڵەکانی 1070-945 پێش زایینی.

ئاماژەشی داوە، تاوەکوو ئێستا دیاری نییە کەی ئەو بازنەیە ون بووە، کەناڵە میدیاییەکانی میسریش لەو بارەوە ڕایانگەیاندووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە کاتی پشکنینی کەلوپەلەکاندا ئاشکرا بووە، کە بازنەکە ون بووە.

وەزارەتەکە ڕاشیگەیاندوە، کە لێکۆڵینەوە ناوخۆییەکان دەستیپێکردووە و هەموو یەکەکانی شوێنەوار لە فڕۆکەخانە، بەندەر و دەروازە سنوورییەکانی وشکانی لە سەرتاسەری وڵات ئاگادار کراونەتەوە.

مۆزەخانەی میسر لە گۆڕەپانی تەحریر زیاتر لە 170 هەزار پارچە شوێنەواری لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا دەمامکی بەناوبانگی زێڕینی ناشتنی پاشا ئامنیمۆپی.

ئەمەش لە کاتێکدایە بڕیارە لە 1ی تشرینی دووەمی 2025، مۆزەخانەی گەورەی میسر بکرێتەوە، یەکێک لە بەناوبانگترین کۆلێکشنەکانی مۆزەخانەکە، گەنجینەکانی گۆڕی پاشا توت عنخ ئامون، کە وەک وەرچەرخانێکی گەورەی ڕۆشنبیری لە سەردەمی حکوومەتی عەبدولفەتاح سیسی سەیر دەکرێت.

لە ساڵی 2021دا، میسر نمایشێکی گەورەی بۆ گواستنەوەی 22 مۆمیای شاهانە بۆ مۆزەخانەی نیشتمانیی شارستانیەتی میسری لە قاهیرەی کۆن بەڕێوەچوو، کە لە نێویاندا ڕەعمسیسی دووەم و شاژن حەتشەپسوت هەبوو.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment