ئاستی ئاوی دەریای خەزەر بە ڕادەیەکی زۆر دابەزیوە

ئاستی ئاوی خەزەر، وەک گەورەترین دەریای داخراوی جیهان، لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمبوونەوەی ئاوی ئەو ڕووبارانەی دەڕژێنە ناوی، بە ڕادەیەکی زۆر کەمی کردووە .
بە گوێرەی ڕاپۆرتی توێژەران، ئاستی ئاوی دەریای خەزەر کە بە گەورەترین پانتایی ئاوی داخراوی سەر زەوی دادەنرێت، بەردەوام دادەبەزێت و کەناراوەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبن. ئەم بابەتە، بۆتە نیگەرانییەکی گەورە بۆ زۆرێک لە توێژەران و لێکۆڵینەوەی زۆر بۆ دەرخستنی هۆ و چۆنیەتیی ئەم دیاردەیە کراوە. هەرچەندە ئەم دیاردەیە، دەرفەتی زیاتری بۆ سوودوەرگرتن لە کەناراوەکان ڕەخساندووە، بەڵام دەرەنجامە ژینگەیی و ئابوورییەکانی بوونەتە مایەی نیگەرانیی زۆر.
پێویستیی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو بۆ ڕێگریکردن لە زێدەڕۆیی
فەرهاد حوسێنی تایفە، بەڕێوەبەری گشتیی ژینگەپارێزی گەیلان، بە ئاژانسی هەواڵی 'میهر'ـی ڕایگەیاند "سەبارەت بە پاشەکشەی ئاوی دەریای خەزەر لێکدانەوەی زۆر هەن، بەڵام هێشتا هیچ وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و پتەو بۆ ڕەتکردنەوە، یان پەسەندکردنی هیچ کام لەم لێکدانەوانە لە ئارادا نییە."
حوسێنی تایفە، بە جەختکردنەوە لەسەر بایەخی تایبەت بە وشکبوونی زۆنگاوە کەنارییەکانی گەیلان، گوتی: "لە گەیلان، زۆنگاوە کەنارییەکانی وەک زۆنگاوی ئەنزەلی، بوجاق و جۆکەندان، کە بەشی هەرە زۆری ئاوی خۆیان لە دەریاوە وەردەگرت، ئێستا نەماون و وشک بوون؛ چونکە تەنانەت لە کاتی زریانیشدا ئاوی دەریا ناگاتە ئەم زۆنگاوانە."
کەمبوونەوەی نیگەرانکەری ئاستی ئاوی دەریای خەزەر
فەرشید ڕەمەزانی، بەڕێوەبەری گشتیی جیۆلۆجیی گەیلان، نیگەرانیی خۆی بەرانبەر بە دابەزینی بێوێنەی ئاستی ئاوی دەریای خەزەر دەربڕی و گوتی: لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا ئاستی ئاوی ئەم دەریاچەیە زیاتر لە 2.5 مەتر کەم بووەتەوە و ئەم ڕەوتە هێشتا بەخێرایی بەردەوامە. دەرەنجامی ئەم دۆخە، وشکبوونی بەشێکی بەرفراوانی زۆنگاوە بەنرخەکانی باکووری وڵاتە، لەوانە زۆنگاوەکانی ئەنزەلی، بوجاق، جۆکەندان، میانکالە، گۆمیشان و هەڕەشەیەکی جیددیشە بۆ سەر سیستەمە ژینگەییە کەناراوییەکان.
بەڕێوەبەری گشتیی جیۆلۆجیی گەیلان، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئەم دۆخە، تەنیا هەڕەشە لە ژینگە ناکات، بەڵکو دەرەنجامی بەرفراوانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی وەک کەمبوونەوەی سامانی ماسی، زیان گەیاندن بە کەرتی گەشتیاری و کێشەی جیددی بۆ چالاکیی بەندەرە کەنارییەکانی لێ دەکەوێتەوە.
ناکارابوونی بەندەرەکان
ڕەمەزانی، وێڕای ئەوەی ڕایگەیاند پاشەکشەی ئاوی خەزەر هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر بەندەر و ژێرخانە کەنارییەکان، گوتیشی: ئەگەر دابەزینی ئاستی ئاوی خەزەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا بەندەرەکانی باکووری وڵات ناکارا دەبن و چیتر ناتوانرێت سوودیان لێ وەربگیرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی جیۆلۆجیی گەیلان، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: دروستکردنی بەنداو لەسەر ئەو ڕووبارانەی دەڕژێنە دەریای خەزەر، کاریگەرییان لەسەر دروستبوونی ئەم قەیرانەدا هەیە. من پێم وایە گۆڕانی کەشوهەوا، کەمبوونەوەی باران و کەمبوونەوەی ئاوی هاتوو بۆ خەزەر و لە کۆتاییشدا گۆڕانکارییە فیزیکییەکانی دەستی مرۆڤ، لە گرنگترین هۆکارەکانی ئەم قەیرانەن.