توێژینه‌وه‌یه‌ک: 68%ـی مردن له ئه‌ورووپا له هاوینی ئه‌م ساڵ به‌هۆی گۆڕانی كه‌شوهه‌واوه بووه

توێژینه‌وه‌یه‌ك ئاماژه به كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا ده‌كات بۆ سه‌ر ژیان و ته‌ندروستیی مرۆڤ به‌تایبه‌ت له كیشوه‌ری ئه‌ورووپا و سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕاكێشاوه، هه‌زاران كه‌س له هاوینی ئه‌م ساڵدا له‌م كیشوه‌ره به‌م هۆیه‌وه مردوون.
چوارشه‌ممه، 17ـی ئه‌یلوولی 2025، توێژەرانی کۆلێژی بەریتانی ئیمپریال کۆلێج لەندەن " Imperial College London" و قوتابخانەی لەندەن بۆ پاک‌وخاوێنی و پزیشکیی ناوچه گەرمەسێره‌كان "London School of Hygiene & Tropical Medicine"، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كیان بڵاو كرده‌وه و تێیدا تیشكیان خستووه‌ته سه‌ر كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا له كیشوه‌ری ئه‌ورووپا له ساڵی 2025 و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش 854 شاری ئه‌ورووپایان به نموونه وه‌رگرتووه.
توێژه‌ران له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یاندا ڕوونیان كردووه‌ته‌وه، ڕێژه‌ی 68%ـی مردن له ئه‌ورووپا له هاوینی ئه‌م ساڵدا به‌هۆی كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی كه‌شوهه‌وا و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رماوه بووه. لێكۆڵینه‌وه‌كه باسی له‌وه‌ش كردووه، هاوینی ئه‌م ساڵ 24 هه‌زار و 400 كه‌س له 854 شاری وڵاتانی ئه‌ورووپا مردوون، كه له‌م ژماره‌یه‌دا 15 هه‌زار كه‌سیان به‌هۆی كاریگه‌ریی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رماوه بووه.
توێژەرانی کۆلێژی بەریتانی ئیمپریال کۆلێج لەندەن و قوتابخانەی لەندەن بۆ پاک‌وخاوێنی و پزیشکیی ناوچه گەرمەسێره‌كان له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یاندا گوتوویانه، ئیسپانیا، پورتوگال، بەریتانیا، ئیتاڵیا، یۆنان و فه‌ره‌نسا گەرمترین هاوینیان لە مێژووی خۆیاندا به‌ڕێ كرد، به شێوه‌یه‌ك 800 کەس لە ڕۆما، زیاتر لە 600 کەس لە ئەسینا، زیاتر لە 400 کەس لە پاریس له ئه‌نجامی گۆڕانكاری كه‌شوهه‌واوه مردوون، و زیاتر له ڕێژه‌ی 85%ـی مردووانیش ئه‌و كه‌سانه بوونه كه ته‌مه‌نیان له سه‌رووی 65 ساڵه‌وه بووه.