لیبیا.. 50 کۆچبەر لە ئەنجامی سووتانی بەلەمەکەیاندا گیانیان لەدەستدا

ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ ڕایگەیاند، 50 کۆچبەری سوودانی لە ئەنجامی سووتانی بەلەمەکەیاندا لە نزیک کەناراوەکانی توبروق لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا، گیانیان لەدەستدا.

چوارشەممە، 17ی ئەیلوولی 2025، ئاژانسی فرانس پرێس، لە زاری سەرچاوەیەک لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، بڵاوی کردووەتەوە"بەلەمێکی کە 75 کۆچبەری سوودانی هەڵگرتبوو و لە شاری توبرەقی لیبیاوە بۆ یۆنان دەچوو، ئاگری گرت و لە ئەنجامدا 50 سەرنشینی بەلەمەکە گیانیان لەدەستدا. هاوکات 24 سەرنشینیش لەلایەن پاسەوانانی کەناراوەکانەوە ڕزگار کران"

ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، ئاماژەشی داوە"فریاگوزاریی پزیشکیی پەلەی بۆ 24 ڕزگاربووەکان کردووە و بۆ شوێنی حەوانەوەی تایبەتی گواستوونەتەوە."

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، جگە لەم ڕووداوەی ئەمڕۆ، لە سێ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 60 کۆچبەر، کە هەندێکیان ژن و منداڵ بوونە، لە دەریای سپی ناوەڕاستدا خنکاون.

لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کۆچدا هاتووە "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 456 کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە دەریای سپیی ناوەڕاست، گیانیان لەدەستداوە و جگە لەوەش 17 هەزار کۆچبەری دیکە، لەنێویاندا هەزار و 516 ئافرەت و 586 منداڵ، گەڕێنراونەتەوە

 
 
Fly Erbil Advertisment