ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی ئێران، ڕووسیا و چین دەربارەی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان

کەناڵی تەلەڤزیۆنی ئەلمەیادین، دەقی ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی هاوبەشی ئێران، ڕووسیا، چین و چەند وڵاتێکی دیکەی دەست کەوتووە، کە تایبەتە بە قەدەغەکردنی هێرشکردنە سەر ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانەی لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدان.

چوارشەممە، 17ـی ئەیلوول 2025، کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ئەلمەیادین، دەقی ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی هاوبەشی ئێران، ڕووسیا، چین و وڵاتانی دیکەی دەست کەوتووە سەبارەت بە قەدەغەکردنی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ژێر چاودێریی ئاژانس.

بەپێی ڕەشنووسی بڕیارنامەکە، پێویستە هەر جۆرە هێرشێک یان هەڕەشەی هێرشکردنە سەر بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، قەدەغە بکرێت.

ڕەشنووسی بڕیارنامەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، مەترسیی جددی بۆ سەر سیستەمی چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و سەلامەتی و ئاسایشی ماددە ئەتۆمییەکان دروست دەکات.

لە درێژەی ڕەشنووسی بڕیارنامەکەدا جەخت لەسەر "مافی تەواو و نەگۆڕی توێژینەوە، بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانە" کراوەتەوە.

هەروەها لەو بەڵگەنامەیەدا هاتووە "ئاژانسی وزەی ئەتۆم پێویستە ڕۆڵی خۆی لە ڕێگریی لە هەر زیانێک کە بەهۆی هێرش، یان هەڕەشەوە بەر چالاکییە ئاشتیخوازانە ئەتۆمییەکان دەکەوێت، ببینێت.

لە ڕەشنووسی بڕیارنامەکەدا، ئەو هێرشە "مەبەستدار و نایاساییانە"ش سەرکۆنە کراون، کە لە حوزەیرانی 2025 کرانە سەر بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

میخائیل ئۆلیانۆڤ، نوێنەری هەمیشەیی ڕووسیا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لە ڤیەننا، ڕایگەیاند "ڕووسیا شانبەشانی چین، نیکاراگوا و ڤەنزوێلا بەشداریی لە داڕشتنی ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی ئێراندا کردووە بۆ قەدەغەکردنی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment