ئەورووپا و ئێران دەربارەی دۆسییەی ئەتۆمی ناکۆکن

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، ئەمڕۆ، وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتە ئەورووپییەکە و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، بە تەلەفۆن گفتوگۆیان لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەیان کرد، بۆ ئەوەی بەردەوامی بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بدەن.
لە پەیامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیادا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی ئەیلوول 2025، بڵاو کراوەتەوە، هاتووە "لایەنە ئەورووپییەکان، لە گفتوگۆکەدا جەختیان کردووەتەوە، ئێران هێشتا ئەو هەنگاوە لۆجیکی و وردانەی نەناوە کە بۆ درێژکردنەوەی بڕیارنامەی 2231 پێویستن. پێویستە ئێران دەست بە گفتوگۆکان بکاتەوە، ڕێگە بدات پشکنین بۆ دامەزراوە هەستیارەکان بکرێت و پرسی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی بەرز، یەکلا بکاتەوە. "
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا هەروەها ڕایگەیاندووە "سێ وڵاتە ئەورووپییەکە، جارێکی دیکە جەختیان لە پەلەیی بابەتەکە و سووربوونیان بۆ دووبارە سەپاندنەوەی گەمارۆکان، لە ئەگەری نەگرتنەبەری هەنگاوی کردەیی لە ڕۆژانی داهاتوودا، کردەوە."
هەر ئەمڕۆ، ئاژانسی هەواڵی 'ئیلنا، بڵاوی کردەوە "وەزیری دەرەوەی ئێران، لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ هاوتا ئەورووپییەکانیدا، ئاماژەی بە هەڵوێستی بنەڕەتیی ئێران کرد، کە بریتییە لە گرنگیی پاراستنی کەشی گفتوگۆ و دیپلۆماسی بۆ ڕێگریی لە زیادبوونی گرژییەکان. هەروەها هەنگاوی سێ وڵاتە ئەورووپاییەکەی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو گەمارۆیانەی ئەنجوومەنی ئاسایش هەڵیوەشاندبوونەوە، بە بێ هیچ پاساوێکی یاسایی و لۆجیکی زانی."
عراقچی، گوتوویەتی "ئێران، بە شێوازێکی بەرپرسیارانە دەستی بە گفتوگۆ لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کردووە و شێوازنامەیەکی ڕوونی سەبارەت بە چۆنیەتیی جێبەجێکردنی پابەندییەکانی ئێران لە دۆخی نوێدا داڕشتووە. پێویستە گرنگی و بەهای ئەم هەنگاوە لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە بزانرێت. ئێستا کاتی ئەوەیە لایەنەکانی بەرانبەر، ئەم دەرفەتە بۆ بەردەوامیی بە ڕێڕەوی دیپلۆماسی و ڕێگریی لە قەیرانێکی دیکە، بقۆزنەوە و جیددییەت و باوەڕی خۆیان بە چارەسەری دیپلۆماسی بسەلمێنن."
وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی کردەوە "ئێران ئامادەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و هاوسەنگ، کە بەرژەوەندییەکانی هەردوولا دابین بکات. گەیشتن بە ئامانجێکی لەو شێوەیە، پێویستی بە هەڵوێستێکی بەرپرسیارانە و سەربەخۆ لەلایەن سێ وڵاتە ئەورووپییەکەوە هەیە. هەروەها پێویستە خۆیان لە کەوتنە ژێر کاریگەریی ئەو لایەنانە بپارێزن، کە هیچ بەهایەک بۆ دیپلۆماسی و بنەما و یاساکانی مافی نێودەوڵەتی دانانێن."
ئیلنا، ئاماژەی بە وەڵام و کاردانەوەی وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ قسەکانی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، نەکردووە.