هەژماریی دارایی یەکەکانی 70 و 80 دەخرێنە سەر هەژماریی دارایی وەزارەتی پێشمەرگە
بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایدەگەیەنێت، ھەفتەی داھاتوو کۆبوونەوەیەکی دیکە بۆ جێبەجێکردنی بریارەکانی سەرۆک وەزیران لە بارەی ھەژماری دارایی یەکەی حەفتا و ھەشتا ئەنجام دەدرێت و لەم مانگە ھەژماری دارایی یەکەی حەفتا و ھەشتا ھەڵدەوەشێتەوە پێشمەرگە دەبێتە خاوەنی یەک ھەژماری دارایی.
لە دوای دەرچوونی بریارەکانی ئەم کۆبوونەوەیە، پرۆسەی یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە ھاتەوە نێو گفتوگۆکان، بەپێ بڕیارەکە ئەو ھەژمارانەی لە وەزارەتی دارایی بە ناوی یەکەی حەفتا و ھەشتا ھەن ھەڵدەوەشێنەوە و ھەردوو ھەژمارەکە دەخرێنە سەر وەزارەتی دارایی و بەمەش لەو وەزارەتە یەک ھەژماری پێشمەرگە دەبێت بەوەش پرۆسەی یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە خێرا دەکات، هەروەها ھەفتەی داھاتوو لە دوا کۆبونەوە بریاری کۆتای لەسەر دەدرێت.
عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "لە کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی سەرۆک وەزیران لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە، فەرمانی کرد ئەم پرۆسەیە خێرا بکەن.
گوتیشی: ئێستا فەرماندەیی دەڤەری یەک بەتەواوی ئامادەیە، ئومێد دەکەین فەرماندەیی دووش لەماوەیەکی کەمدا کارەکانی خۆی تەواو بکات و تاوەکوو ئێمەش لەنزیکترین کاتدا هاتنەوەی هەردوو فەرماندە بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە ڕابگەیەنین. دەشڵێت: هەرسێ هەژماری دارایی دەکەینە یەک هەژماری دارایی و هەمووی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت، واتە هەژماری دارایی یەکەی حەفتا و هەشتا نامێنن، دێننە ناو هەژماری دارایی وەزارەتەوە.
پرۆسەی یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە لە دوا ھەنگاوەکانی دایە، دوای ئەوەی لیواکانی یەکەی حەفتا و ھەشتا خرانە نێو فیرقەکان، دەبێت فیرقەکانیش بەسەر دوو دەڤەر دابەش بکرێن، ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە شەش فیرقەی ئامادەن، مەشقی سەرکردایەتی و کۆنترۆڵیان بۆ دروستکردنی بریار لەلایەن ھاوپەیمانانەوە پێ کراوە، پێنج فیرقەکەی دیکەش تا کۆتای ساڵ دەخرێنە نێو ئەو مەشقەوە.
وەفا محەممەد، شارەزای بواری سەربازی گوتی: سێ بڕیاریی گرنگ لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە کە لە سوودی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە، هەروەها پشتگیریی نێودەوڵەتیش بۆ ئەم بابەتە هەیە، چ لەڕووی هاوکاریی دارایی، چ لەڕووی هاوکاریی لۆجیستی و تەرخانکردنی هەموو پێداویستییە جەنگییەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی گرنگی پێدراوە، بۆ نموونە لەو ڕۆژانە لە کۆنگرێس دەنگ بەزیادکردنی هاوکارییەکانی پێشمەرگە درا.
پرۆسەی چاکسازی لە نێو وەزارەتی پێشمەرگە بە پێی لێکتێگەشتنی پێنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگە وھاوپەیمانانە.