دووەم فێستیڤاڵی ئاکرێ بۆ بەرهەمە خۆماڵییەکان بەڕێوەدەچێت؛ سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت

بە بەشداریی زیاتر لە 70 جووتیار و بازرگان، دووەم فێستیڤاڵی ئاکرێ بۆ بەرهەمە خۆماڵییەکان بەڕێوەدەچێت.
کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2025، دووەم فێستیڤاڵی ئاکرێ بۆ بەرهەمە خۆماڵییەکان، لە عەلوەی هاوچەرخی ئاکرێ دەستپێدەکات.
فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ بە ئاری حوسێن، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "فێستیڤاڵەکە تا کاتژمێر 12:00ـی شەوی شەممە، 20ـی ئەیلوولی 2025، بەردەوام دەبێت. ڕۆژانەش لە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ بۆ 12:00ـی شەو بە ڕووی سەردانیکەرندا کراوە دەبێت."
فازڵ مستەفا پێشبینی هاتنی ژمارەیەکی زۆری سەردانیکەران دەکات و ئاماژەی بەوە دا "لە فێستیڤاڵەکەدا زیاتر لە 70 جووتیار و بازرگان و پێنج کۆمپانیای خۆراک بەشدارن. هاوکات 70 کەپر بۆ پیشاندان و بەبازاڕکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکانی ئاکرێ و دەڤەرەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دانراون."
ڕزوان ڕەمەزان، یەکێک لە جووتیارانی دەڤەری ئاکرێ جەختی لە گرنگیی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە کردەوە و بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "زیاتر لە پێنج جۆری برنجی کوردی، ساوار، نووک، پاقلە، کونجی، دانەقوت، قەیسی و چەندان بەرهەمی خۆماڵیی دیکەی دەڤەری ئاکرێمان هێناوەتە فێستیڤاڵەکە. بڕوامان وایە هەمووان دەفرۆشین، چونکە خواستێکی زۆر لەسەر بەرهەمە خۆماڵییەکانی دەڤەرەکەمان هەیە."
حاجی حیکمەت، هەنگەوانێکی بەناوبانگی دەڤەری ئاکرێ، لە ڕێگەی کوردستان24ـەوە سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ڕێکخستنی فێستیڤاڵەکە و گوتی: "ئەم فێستیڤاڵە دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکانمان بە تایبەت هەنگوین، بۆ ئێمە وەک دوکانێک وایە، چونکە دەتوانین لە ماوەیەکی کەمدا بەرهەمەکەمان بفرۆشین کە بە درێژایی ساڵ پێیەوە ماندووبووین و شەونخونیمان بۆ کردووە."
ئاکرێ، یەکێکە لە قەزاکانی سەر بە پارێزگای دهۆک، بە ناوچەیەکی کشتوکاڵی دەوڵەمەند ناسراوە و چەندین بەرهەمی خۆماڵی هەیە کە نەک هەر پێداویستییەکانی ناوخۆی قەزاکە پڕدەکەنەوە، بەڵکوو بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش هەناردە دەکرێن و هەندێکیان داواکاری بیانیشیان لەسەرە.
کارگەکانی وەک کارگەی 'ئاریاس' بەرهەمە کشتوکاڵییە خۆماڵییەکان پاکێج دەکەن و هەناردەی بازاڕەکانی دەرەوەیان دەکەن، بەتایبەتی برنجی خۆماڵی ئاکرێ، تەحین و سماق. حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پاڵپشتی جووتیاران و کەرتی تایبەت دەکات بۆ بەبازاڕکردن و ناساندنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.