دادگای باری کەسی کۆیە ڕەتی دەکاتەوە 400 داوای جیابوونەوەی هاوسەران تۆمار کرابێت

دادگای باری کەسی کۆیە لەبارەی بوونی 400 داوای جیابوونەوەی هاوسەران ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕەتی کردەوە ئەم هەواڵە ڕاستبێت، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمساڵ تەنیا 151 سکاڵای جیابوونەوەی هاوسەران تۆمار کراوە.
پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2025، دادگایی باری کەسی کۆیە نووسراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، ماوەی چەند ڕۆژێکە لە زۆرێک لە ئەکاونت و پەیجەکان بەناوی چەند پارێزەرێک ئاماری جیابوونەوەی هاوسەران بڵاوکراوەتەوە کە گوایە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکوو 1-9- 2025، 400 حاڵەتی جیابوونەوە لەدادگای باری کەسیی کۆیە تۆمار کراوە.
دادگای باری کەسی کۆیە ئاماژەی بەوەش کرد، تەواوی ئەم هەواڵانە دوورن لە ڕاستی، هەروەها بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵانە بەبێ ئاگاداری ئاماری فەرمی ئەم دادگایە بووە، هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵ تاوەکوو 1-9-2025، 151 داوای جیابوونەوەی هاوسەران تۆمار کراوە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، دادگا بە مافی خۆی دەزانێت بەدواداچوون بۆ ئەم هەواڵانە بکات و ڕێکاریی یاسایی بەرانبەر ئەو کەس و پەیجانە بگرێتە بەر کە باری دەروونی خەڵک تێکد دەدەن.
