ئوردن.. سەعد شەمدین ئاغا لەگەڵ شازادە مەرعەد کوڕی ڕەعد کۆبووەوە

سێشەممە 16ی ئەیلوولی 2025، لە عەممانی پایتەختی ئوردن، لە کۆشکی شاهانەی هاشمی بەسمان، سەعد شەمدین ئاغا لەگەڵ شازادە مەرعەد کوڕی ڕەعد، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەمینداران کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندیی خودالێخۆشبوو محەممەد شەمدین ئاغا و بنەماڵەی شازادە مەرعەد کوڕی ڕەعد کرا، بەتایبەتیش باپیری، شازادە زەید کوڕی حوسێن. ئەم پەیوەندییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1923، کاتێک خوالێخۆشبوو شازادە زەید کوڕی حوسێن سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی کردووە و بووەتە میوانی خودالێخۆشبوو محەممەد شەمدین ئاغا، و لەو کاتەوە پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان هەر دوو بنەماڵەدا دروست بووە.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن کرا لەسەر ئاستی گەل و دەسەڵاتدا.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سەعد شەمدین ئاغا دیارییەکی پێشکەش بە شازادە کرد کە ئاماژە بوو بە پردی مێژوویی دەلال، سەرباری کتێبێک سەبارەت بە ژیاننامەی خودالێخۆشبوو محەممەد شەمدین ئاغا. لەلایەن خۆشییەوە، شازادەی ناوبراو سوپاسی خۆی پێشکەش بە بەڕێز سەعد شەمدین ئاغا کرد بەرامبەر بەم سەردانە.