یوسف چاوشین: ئەو منداڵانەی بێسەرپەرشتن بە باشی خزمەت دەکرێن

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەی لەبارەی پێدانی منداڵ بە خێزانی جێگرەوە دا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2025، یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودیری کۆمەڵایەتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ڕابردوودا بەهەر هۆکارێک هەر منداڵێک کەسوکاری نەبوو، جا کۆچی دوایی دایک و باوکی بێت یاخود جیابوونەوەی دایکان و باوکان یاخود گرنگی پێنەدان و ئەنجامدانی پێشێلکاری بەرامبەر منداڵان، لەلایەن کەسوکاری وەردەگیران جا خاڵی بووایە یاخود مامی یان داپیرو باپیری، ئەمە کارێکی باشە و ئێستاش بەردەوامە.

دەشڵێت: زۆرجار منداڵی بێسەرپەرشت هەبووە، کەسی نزیکیشی نەبووە یاخود هەبووە و لەخۆیان نەگرتووە، لە خانەی بێسەرپەرشتاران وەرمان دەگرتن ئێستاش بەردەوامین، بەڵام لە وڵاتانی جیهان سیستەمێکی دیکە هەیە پەیڕەو دەکرێت، ئەویش خێزانی جێگرەوەیە.

یوسف چاوشین دەڵێت: بەگشتیی دەتوانم بڵێم کە منداڵێک بێسەرپەرشت بوو باشترین کەس بۆ ئەو منداڵە کەسوکاری خۆیەتی، بەڵام ئەگەر کەس نەبوو ئەو مندالە لەخۆ بگرێت، جێگرەوەکەی خێزانی جێگرەوەیە. خێزانی جێگرەوە نەبوو خانەی بێسەرپەرشتارانە.

ئاماژەی بەوەش دا، ئێمە لە هەولێر بابەتی خێزانی جێگرەوەمان درەنگتر دەست پێکرد، هەرچەندە لە دەستپێکی کابینەی نۆ پەیڕەوی خێزانی جێگرەوە پەسەند کرا، بەڵام بۆ جێبەجێ کردنی ئەم پەیڕەوە هەندێک پێداویستی و ئامادەکاری هەبوو، دەبووایە ئێمە بمانکردایە یەکێک لەوانە؛ لە هەولێر بەداخەوە خانەی سفر بۆ چوارمان نەبوو، هەرچەندە هەموومان دەزانین بارودۆخەکە بارودۆخێکی باش نییە لە ڕووی ئابوورییەوە هەرێمی کوردستان لە قەیرانە، بەڵام سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ستافێکی بۆ ئێمە دامەزراند و خانەی سفر بۆ چوارمان کردەوە و باڵەخانە و کەلوپەلی پێویستمان دابین کرد و ئەم خانەیە کرایەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، دوای ئەوەی خانەکەمان کردەوە، ڕێگا بۆ ئێمە خۆشبوو بۆ ئەوەی دەست بە سیستەمی جێبەجێکردنی خێزانی جێگرەوە لە هەولێر بکەین. ستافێکی باشمان بۆ دابین کرد و ڕاهێنانی باشمان پێکردن و بودجەیەکی باشمان بۆ داناون و کەلوپەلی پێویستمان بۆ دابین کردن. هەموو ئەمانە بوونە هۆکاری ئەوەی پێشوازی لە 120 خێزان بکەین. لەو ڕێژەیە تاکوو ئێستا دوو خێزان منداڵیان وەرگرتووە و دووانی دیکەش پەسەند کراوە لەم ڕۆژانە منداڵەکانیان پێ دەدرێت. 

هاوکات یوسف چاوشین ڕاشیگەیاند، ئەو منداڵەی ڕادەستی خێزانێک دەکرێن، لێکۆڵینەوەیەکی باش و هەڵسەنگاندنێکی چاک دەکرێن، دەبێت دڵنیا بینەوە لەوەی ئەم خێزانە خزمەتێکی چاکی ئەم منداڵە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک دەکات. 

 
Fly Erbil Advertisment