ئالان حەمەسەعید: لە کابینەی نۆیەم 214 قوتابخانە دروستکراون

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، بۆ خوێندنی ئەمساڵ 10 هەزار مێز و کورسی  و 20 باڵەخانەی نوێ قوتابخانە و 309 ژووری خوێندن دەخرێتە خزمەت قوتابیان.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئامادەکارییەکان بۆ خوێندنی ئەمساڵ 2025-2026 بە تەواوی کراوە، 10 هەزار مێز و کورسی بۆ قوتابییان لەلایەن حکوومەت و ڕێکخراوەکان بۆ قوتابییان ئامادەکراوە، بۆ ئەمساڵ 28 باڵەخانەی نوێ قوتابخانە ئامادەکراوە و دەخرێتە خزمەت قوتابییان، دەکاتە 309 ژووری خوێندن، هاوکات کارکردن لە 30 قوتابخانە بەردەوامە، پێکهاتووە لە 473 ژووری نوێی خوێندن.

214 قوتابخانە و 629 ژووری نوێی خوێندن دروستکراون

وەزیری پەروەردە گوتی: لە کابینەی نۆیەم 214 قوتابخانەی نوێ دروستکراون لەگەڵ 629 ژووری نوێی خوێندن، هەروەها کۆی گشتیتی لەم کابینەیە 110 هەزار شوێنی نوێ بۆ قوتابییان دروستکراوە، لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی هەزار 670 قوتابخانەی دیکە، ئەمساڵیش 434 قوتابخانەی دیکە نۆژەنکراوەتەوە.

زیاتر لە 22 ملیۆن کتێبی نوێ چاپکراون

ئالان حەمەسەعید گوتیشی:هەر لەم کابینەیە دا، لە 139 قوتابخانە بۆ 11 قوتابخانە کەمکراوەتەوە، ساڵی ڕابردوو لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی 141 ژووری نوێی خوێندنمان دروستکرد، کە 40 ژووریان لە گەرمیان بوون، هەروەها زیاتر لە 22 ملیۆن کتێبی نوێ چاپکراون و بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە لەسەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆیەکان نێردراون.

8.5 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ قوتابخانەکان دابینکراوە

ئاماژەی بەوە کرد، لە دووساڵی داهاتوو پرۆژەی چاپکردنی دامەزراوەی نیشتیمانی تەواو دەبێت، هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لە پرۆگرامەکانی خوێندن کراوە، بە مامۆستایان و شارەزایانی ناوخۆیی کراوە، لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێم ڕەزامەندی و خەرجکردندراوە بە زیاتر لە هەشت ملیۆن لیتر نەوتی سپی و بۆ سەرجەم پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان نێدراوە.

ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابیی لە کەرتی حکوومی هەن

هەروەها باسی لەوەش کرد، ئەمساڵ 148 هەزار مامۆستای دامەزرا و گرێبەستمان هەیە، لەگەڵ هەبوونی 33 هەزار فەرمانبەر لە وەزارەتی پەروەردە، لە کەرتی حکوومی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابییە و لە کەرتی نا حکوومی 154 هەزار قوتابییە، لەگەڵ هەبوونی شەش هەزار و 844 قوتابخانەی حکوومی و نزیکەی 594 قوتابخانەی نا حکوومیش هەن.

139 هەزار قوتابی بۆ پۆلی یەکەم ناویان تۆمارکراوە

وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند: تۆمارکردنی قوتابی بۆ پۆلی یەکەمی بنەڕەتی بەردەوامە و تاوەکوو ئەمڕۆ پێنجشەممە، 139 هەزار قوتابی ناویان تۆمارکراوە، بەڵام ئەم ژمارە زیاد دەکات و بەگوێرەی پێشبینییەکان ئەمساڵ نزیکەی 160 هەزار قوتابی لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی دەوام دەکەن.

ئەمساڵ گۆڕانکاری لە جلوبەرگی قوتابیان ناکرێت

دەشڵێت : تونیومانە 20 هەزار دەرچووی دانەمەزراو بکەینە مامۆستا لە قوتابخانە نا حکوومییەکان، لە سلێمانی دەوامی قوتابخانەکان دەبێت و بۆ خوێندنی ئەمساڵ گۆڕانکاری لە جلوبەرگی قوتابییان ناکرێت، بەڵام ساڵی داهاتوو دەکرێت.

لە 50 قوتابخانە بەشێوەی ئەزموونی وانەی ژیری دەستکرد دەخوێندرێت

هەروەها وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێم جەخت لەوە دەکاتەوە، ژێرخانێکی باشی تەکنەلۆجی بونیاتنراوە، ئەمساڵ لە 50 قوتابخانە بەشێوەی ئەزموونی یەکەمین ناوەندی خوێندن لە عێراق و کوردستان دەبین بۆ خوێندنی ژیری دەستکرد، لە ماوەی ڕابردوو 300 مامۆستای وانەبێژی پێشوومان گەڕاندووەتەوە.

 

 

Fly Erbil Advertisment