سهرچاوهیهك: کۆمپانیای نەوتی باکوور پشكنینەکانی بۆ بۆری ههناردهكردنهوهی نەوتی هەرێمی کوردستان تەواو کرد

هەرێمی کوردستان و عێراق و کۆمپانیا نەوتیيەکان نزیکن لە ڕێکكەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای بۆری کەرکووک- جهیهان، ئامادەکارییەکانیانیش تەواو کراون.
شهممه 20ـی ئهیلوولی 2025، سەرچاوەیهك کە ئەندازیارە لە کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک بە کوردستان24ـی گوت، ئاگادار کراونهتەوە ئەمڕۆ سەرجەم بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت به سهركهوتوویی پشكنینیان بۆ کراوه.
ئهو سهرچاوهیه گوتیشی، وەڵامی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دراوەتەوە کە بۆرییەکە ئامادەیە و هیچ کێشەی نییە بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای خورمهڵەوە بۆ بەندەری جهیهانی تورکیا.
سهرچاوهكه گوتووشیهتی، لە چەند شوێنێک کێشە لە عەدادەکان هەبوو ئەوانەش چارەسەر کراون ئێستا هیچ کێشەیەک نەماوە.
ئەو سەرچاوەیە کە بەرپرسیاریهتی هەیە لە کۆمپانیای نەوت ئاماژهی بهوهش كرد، لە یەکەم قۆناغدا، زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان بە ڕێگای بۆری بەندەری جیهان هێلی کەرکوک دەنێردرێتە تورکیا و كۆمپانیای سۆمۆ سەرپەرشتیی فرۆشتنەکەی دەکات، لە قۆناغی دووەمیش لە ڕێگای ئەم بۆرییەوە نەوتی کەرکووک بەو ڕێگەیە هەناردە دەکرێت کە ماوەی دوو ساڵە ڕاگیراوە و هیچ برە نەوتێکی کەرکووک هەناردە نەکراوە.
سەرچاوەکە جهختیشی كردهوه، ڕێکكەوتنەکە سوودی بۆ عێراقیش هەیە، کە دوای دوو ساڵ جارێکی دیکە نەوتی کەرکوک هەناردە دەکات و دەیفرۆشێتهوه و داهاتی بۆ دهگهڕێتهوه.