عێراق..خاوه‌ن كۆمپانیاكانی گه‌شتوگوزار ناڕەزایی له زۆربوونی كۆمپانیای وه‌همی ده‌ردەبڕن

خاوه‌ن كۆمپانیاكانی گه‌شتوگوزار ناڕەزایی له زۆربوونی كۆمپانیای وه‌همی ده‌كه‌ن، كه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كاره‌كه‌یان درووستكردووه، له‌گه‌ڵ لاوازی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و بابه‌ته‌ش، ده‌سته‌ی گه‌شت و گوزاری عێراقی ده‌ڵێت، ئه‌وان له‌چوارچێوه‌ی ڕێككاره یاساییه‌كاندا كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه ده‌كه‌ن.
وێڕای نه‌بوونی هیچ ئامارێكی فه‌رمی له‌باره‌ی ژماره‌كه‌یان، به‌ڵام كۆمپانیا وه‌همییه‌كانی گه‌شتوگوزار بارگرانییه‌كی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر خاوه‌ن كۆمپانیا تۆماركراوه‌كانی ئه‌و بواره دروستكردووه و زیانی زۆری داراییان لێداوه، ئه‌و دیارده‌یه‌ش له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی هاوین و زۆربوونی ژماره‌ی گه‌شتیاران ڕوو له زیادبوون ده‌كات.
وه‌لید زوبێدی، خاوه‌ن كۆمپانیای گه‌شتوگوزار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، له‌راستیدا لایه‌نه به‌رپرسه‌كانی ئه‌و دۆسییه هیچ ئامارێكی فه‌رمییان له‌باره‌ی كۆمپانیا وه‌همییه‌كانی عێراق له‌به‌رده‌ست نییه، به‌ڵام من پێموایه ژماره‌یان ده‌گاته نیوه‌ی ژماره‌ی كۆمپانیا تۆماركراوه فه‌رمییه‌كان، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری زۆر له‌سه‌ر كۆمپانیا فه‌رمییه‌كان دروست ده‌كات، به‌تایبه‌ت كه كۆمپانیا تۆماركراوه‌كان باج به ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار تۆماری كۆمپانیاكان و زۆرێك له فه‌رمانگه‌ی دیكه ده‌ده‌ن.
زوهه‌یر محه‌ممه‌د، له ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار دەڵێت: ئه‌وان گه‌شتیاران كۆده‌كه‌نه‌وه و دوو ڕێگه‌یان بۆ ده‌رچوون هه‌یه، یان له‌ڕێگه‌ی به‌ده‌ستهێنانی مۆری كۆمپانیای خاوه‌ن مۆڵه‌ته‌وه گه‌شتیاره‌كان به‌و كۆمپانیایانه ده‌فرۆشنه‌وه، یانیش به‌رامبه‌ر 15 تا 20 هه‌زار بۆ هه‌ر تاكێك، به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ به كۆمپانیا تۆماركراوه‌كان ده‌ده‌ن، كێشه‌كه ئه‌وه‌یه، خاوه‌ن كۆمپانیا فه‌رمییه‌كان 25 ملیۆن ڕسوومات ده‌ده‌ن، له‌كاتێكدا یه‌كێكی دیكه له‌ڕێگه‌ی په‌یجێكی ئه‌لیكترۆنییه‌وه ئه‌و كاره ده‌كات و هیچ باج نادات، ئه‌مه‌ش نادادپه‌روه‌رییه، به‌ڵام له‌ڕێگه‌ی یاساوه ڕووبه‌ڕوویان ده‌بینه‌وه.
هۆشداریی له زیادبوونی ژماره‌ی كۆمپانیای وه‌همی ده‌درێت، به‌تایبه‌ت كه ڕێكاره‌كان له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئه‌و دۆسییه زۆر لاوازن، وێڕای ئه‌وه‌ی زۆرێك له‌و كۆمپانیایانه سه‌ر به كه‌سانی خاوه‌ن هه‌ژموونن و سزادانیان كارێكی سه‌خته.