مەسرور بارزانی: بە توندترین شێوە سەرکۆنەی تیرۆرکردنی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم دەکەم

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم دەکات و بە "توندترین شێوەش" سەرکۆنەی تیرۆرکردنی دەکات. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا ڕایگەیاند "پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری بەڕێزی کەسایەتیی نیشتمانپەروەری ناسراوی گەرمیان (ئەکبەر حاجی ڕۆستەم) دەکەم و هاوبەشی خەمیانم و بە توندترین شێوەش سەرکۆنەی تیرۆرکردنەکەی دەکەم."

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە "دەبێت دامودەزگاکانی دەڤەرەکە بە زووترین کات، لێکۆڵینەوەی پێویست بۆ دۆزینەی تاوانباران بکەن و ڕێکاری یاسایی بگرنەبەر."

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت "خودای مەزن گیانی خوالێخۆشبوو بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بە بنەماڵە و دۆست و هەڤاڵەکانی ببەخشێت."

 

کوڕە گەورەکەی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم لەبارەی کوژرانی باوکی وەڵامی کوردستان24 دەداتەوە


 ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2025، کۆچەر، کوڕە گەورەی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم، لەبارەی چۆنییەتی و هۆکاری کوشتنی باوکی، بە هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "نزیکەی کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی دوێنێ (دووشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2025) باوکم گەڕاوەتەوە گوندەکەمان (ئۆمەربل)، بەڵام پێش ئەوەی بگاتەوە ماڵەوە، سەردانی باخەکەمانی کردووە کە هەر لە دەوروبەری گوندەکەیە. دوای ئەوەی دوو کاتژمێر زیاتر دەنگی نەما و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانمانی وەڵام نەدایەوە؛ بەدوایدا گەڕاین و تەرمەکەیمان لەوێ دۆزییەوە." 

بە گوتەی کۆچەر، لە کامێراکانی چاودێرییەوە بینیویانە، ئۆتۆمبێلەکەی ئەکبەری باوکی دوای کوژرانی، لە لایەن کوژراوەکەوە دزراوە و تا ئێستا نازانن بۆ کوێ بردراوە. 

کوڕە گەورەکەی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم ڕەتیکردەوە هیچ کێشەیەکی خێزانی و کۆمەڵایەتییان لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک هەبێت و جەختی کردەوە "گومانمان لە هیچ کەسێک نییە، چونکە لە بنەڕەتدا کێشەمان لەگەڵ کەس نییە." هاوکات داواشی لە دەزگا ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد "ئەرکی پیشەیی خۆیان بەجێ بگەیەنن، ڕاستیی ڕووداوەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن و تاوانباری سەرەکیی ئەو کارە قێزەونە ڕادەستی دادگا بکەن."

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment