عوسمان دێمبێلێ سێیەمین یاریزانی موسڵمانە باڵۆن دۆر دەباتەوە
زۆرترین یاریزانی موسڵمان بەربژێری سەرەکی بوون بۆ باڵۆن دۆر

عوسمان دێمبێلێ، ئەستێرەی فەڕەنسا و پاریس سانجێرمان خەڵاتی باڵۆن دۆری بەدەستهێنا و بەباشترین یاریزان بۆ ساڵی 2025 دەستنیشانکرا، بووە سێیەمین یاریزانی موسڵمان ئەم خەڵاتە گرنگ و گرانبەهایە بباتەوە کە گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ ساڵانە دەیبەخشێت و بۆ یەکەمجاریش لە ساڵی 1956 ئەم خەڵاتە بە باشترین یاریزانی ساڵ درا.
دێمبێلێی تەمەن 28 ساڵان لە خێزانێکی موسڵمانە، چەند جارێکیش لە بۆنە ئاینییەکان دەرکەوتووە، چ لە رێوڕەسمە ئاینییەکان لەگەڵ خێزانەکەی، یان لە رێگەی لێدوانەکانی کە هەمیشە بە شانازییەوە باسی لە ئاینی ئیسلام کردووە.
پێش عوسمان دێمبێلێ دوو یاریزانی دیکەی موسڵمان ئەم خەڵاتەیان بردووەتەوە کە ئەمانیش هەڵگری رەگەزنامەی فەرەنسی بوون، زینەدین زیدان لە ساڵی 1998 و کەریم بێنزێما لە ساڵی 2022.
ئەوەی لە ساڵی 2025 لە ساڵەکانی دیکە جیادەکاتەوە ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانی موسڵمان بەربژێری سەرەکی بوون بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە، لامین یامال کە ئەمیش موسڵمانە پلەی دووەمی بەدەستهێنا، محەمەد سەڵاحی میسری پلەی چوارەم و ئەشرەف حەکیمی مەغریبیش پلەی شەشەم.
لە باڵۆن دۆری 2022 بە هەمان شێوە بێنزێما کە موسڵمانە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و سادیۆ مانێی سەنیگالیش کە ئەمیش موسڵمانە پلەی دووەمی بردەوە.
دێمبێلێ لە شاری "فیرنون" لە هەرێمی "ئور" لە فەرەنسا لەدایکبووە و لەخێزانێکی بە رەسەن ئەفریقییە، لە یانەی رێن دەسی بە کاروانی یارییکردن کرد پێش ئەوەی لە ساڵی 2016 روو لە بۆرووسیا دۆرتمۆند بکات.
دوای تەنیا ساڵێک، دێمبێلێ ئەڵمانیای جێهێشت و رووی لە ئیسپانیا کرد و بە 105 ملیۆن یۆرۆ بووە یاریزانی بارسێلۆنا، ئەوکاتە بووە سێیەم گرانبەهاترین یاریزان لە مێژووی تۆپی پێ، دواتر لە ساڵی 2023 بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو رووی لە پاریس سانجێرمان کرد و لە ساڵی 2025 باڵۆن دۆری بردەوە.