جێگری سەرۆکی ئێران: بەرەنگاری سەپاندنەوەی سزاکان دەبینەوە

محەممەد ڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت: بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشە و دەستدرێژییەکی دوژمنان ئامادەین. ئێمە شەڕخواز نین، بەڵام بەتوندی بەرەنگاری بچووکترین هەڕەشەی دوژمن دەبینەوە.
دووشەممە، 23ـی ئەیلوول 2025، محەممەد ڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووریی وڵاتەکەی، دەربارەی هەوڵ و هەڵوێستی سێ وڵاتە ئەورووپییەکە بۆ کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، گوتی: "ئەڵمانیا لە کاتی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق - ئێران، سەرچاوەی دابینکردنی چەک بۆ ڕژێمی سەدام بوو، هەروا بەریتانیا و فەرەنساش ڕۆڵێکی کارایان لە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ئەو ڕژێمە هەبوو، بەڵام چ دەستکەوتێکیان نەبوو؛ ئەوان هەشت ساڵ پشتیوانیی ڕژێمی سەدامیان کرد و ئەنجامەکەشی بۆ هەمووان ئاشکرا بوو. دیارە ئەو وڵاتانە نایانەوێ سوود لە هەڵەی پێشوویان وەربگرن."
عارف گوتیشی: حکوومەتی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەرجۆرە بارودۆخێکی سەخت، بەرنامەی تایبەتی هەیە. ئێمە شەڕخواز نین و نامانەوێ دووبارە سزاکانمان بەسەردا بسەپێتەوە، بەڵام لە ئەگەری کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکاندا، ئامادەکاریی ئابووریمان کردووە.
جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند "گەل، حکوومەت و سیستەمی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر پلانی سێ وڵاتە ئەورووپییەکە ئامادەن. دەوڵەتی چواردەیەم، هەر لەسەرەتاوە کارەکانی خۆی لەسەر بنەمای ئامادەیی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەلومەرجە سەختەکان داڕشتووە. ئەم ئامادەکارییەش لە جەنگی 12 ڕۆژەدا بە ڕوونی دەرکەوت و توانایی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن، دەرخست.
عارف، ئاماژەی بە گەلەکۆمەکیی میدیاکانی ڕۆژئاوا بۆ تێکدانی یەکگرتوویی گەلی ئێران دا و دەڵێت: میدیای ڕۆژئاوا هەوڵ دەدات سیمبوڵی یەکێتیی و یەکڕایی گەلی ئێران تێک بدات، بەڵام گەلی ئێران سەلماندی کە خاک و حکوومەت و سیستەمی ئیسلامییان خۆش دەوێت و پشتیوانی لێ دەکەن؛ ئەرکی ئێمەشە بۆ پاراستنی ئەم پشتیوانییە، بە ڕاستگۆیی و دڵسۆزییەوە خزمەتی گەلەکەمان بکەین.
جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: دەربارەی کالا سەرەکی و پێویستەکان، ئێمە هیچ نیگەرانییەکمان نییە، چونکە ئەو کاڵایانە بە ئەندازەی پێویست لە گەنجینەکانماندا هەن و بەشی ساڵی داهاتووش دەکەن.