سەرچنار.. سیمبولی پاییزی سلێمانی و ئارامگەی یادەوەرییەکان

هاوینەهەواری سەرچنار لە شاری سلێمانی، لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییزدا سیمایەکی نوێ بەخۆوە دەگرێت و دەبێتە سیمبولی ئەم وەرزە لە شارەکەدا.

 ڕەنگە زەرد و ئاڵەکانی گەڵا وەریوەکان، تابلۆیەکی هونەری سروشتی دەنەخشێنن و گەشتیاران و دانیشتووانی شار بۆلای خۆی ڕادەکێشن. ئەم پەیوەندییەی نێوان سەرچنار و پاییز، مێژوویەکی دێرینەی هەیە و تێکەڵ بە یادەوەری و هەستی نەوەکان بووە.

هەر لە سەرەتای دروستبوونی شاری سلێمانییەوە لە ساڵی 1784 بەدواوە، سەرچنار وەک شوێنێکی دڵڕفێن و خەمڕەوێن بۆ پشوودان و کات بەسەربردن ناسراوە. لە سەردەمی میرنشینی باباندا، جێگەی حەوانەوەی میر و پیاوماقووڵانی شار بووە. ئەمڕۆش، بەتایبەت لەگەڵ دەستپێکی وەرزی پاییزدا، هاووڵاتییان و کەسایەتییە دێرینەکانی شار ڕوو لەم شوێنە دەکەنەوە و یادگارییەکانی ڕابردوویان بیردێتەوە.

محەممەد ئیبراهیم، یەکێک لە کەسایەتییەکانی شاری سلێمانی، لە لێدوانێکدا بە ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "سەرچنار مێژووی خۆی بۆ نەوەی نوێ دەهێنێتەوە پێش. ئێمەی بەتەمەن کە دێینەوە ئێرە، یادی ڕابردوومان دەکەینەوە. من بە جلی کوردییەوە هاتووم و منداڵی خۆمم دێتەوە بیر، ئەو کەسانەشی لێرە کۆبوونەتەوە هەموویان یادی کۆنیان لەگەڵ سەرچنار هەیە."

پاییز لەناو ئەدەب و هونەری کوردیدا پێگەیەکی تایبەتی هەیە و بە وەرزی جۆشانی هەستی شاعیرانە و غەمگینیی کێو و دەشت ناسراوە. بۆ هونەرمەندان، ئەم وەرزە سەرچاوەی ئیلهام و ژیانەوەیە.

شێوەکار، محەممەد فەتاح، لەم بارەیەوە بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: "ڕاستە گەڵاکان دەوەرن، بەڵام وەرینیان بە مانای مردن نایەت، بەڵکوو بە مانای ئەوە دێت کە ژیانێکی دیکە دروست دەبێتەوە. پاییز ئیلهامبەخشە بۆ شاعیر و ئەدیبان و بۆ ئێمەی شێوەکار. من لە زۆربەی تابلۆکانمدا پاییزم بەرجەستە کردووە و هەر لە ڕێگەی پاییزەوە زۆرێک لە شاعیران و ئەدیبانم ناسیوە. مێژووش گەواهیدەرە کە 'گۆران' و چەندین شاعیری دیکەش بە جوانیی پاییزدا هەڵیانداوە."

بەم شێوەیە، سەرچنار تەنها شوێنێکی جوگرافی نییە، بەڵکو بووەتە بەشێک لە ناسنامەی پاییزی سلێمانی و ئاوێتەی یادەوەری و داهێنانی هونەریی دانیشتووانەکەی بووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment